“پەرویز کازمی” وەزیری خۆشگوزەرانیی لە دەوڵەتی “ئەحمەدی نژاد” یەکێک لە بەڕێوبەرانی بانکی دارایی، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی “ئێڤین” کرا.
“ئیرنا”، هەواڵدەریی رەسمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە زمان سەرچاوەیەکی ئاگادار لە “دەزگای قەزایی”، ڕایگەیاند کە دەسبەسەرکرانی “کازمی” بەهۆی گەندەڵی لە “دەزگای ئابووریی وڵات” دابووە و هەر بەو هۆیەوە دوای دەسبەسەرکرانی ڕەوانەی بەندیخانەی کراوە.
جێیوەبیرهێنانەوەیە کاتێک کە “مەحموودی ئەحمەدی نژاد” بوو بە سەرۆک کۆماریی ئێران، “پەرویز کازمی” بە وەزیری “خۆشبژیویی ” دیاریکرا و، لە کاتی ناساندنی ناوبراودا لە مەجلیس، “ئەحمەدی نژاد” دەڵێ کە “کازمی لە لایەن خواوە بەمن ناسێنراوە”، بەڵام دوای ساڵێک “کازمی'” یەکەمین وەزیر بوو کە لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی، بەهۆی ئەوەی کە نەیتوانی وڵامی داواکارییەکانی خەڵک بداتەوە و بەهۆی بێدەسەڵاتی لە بەرپرسایەتی و ئەرکەکانیدا، وازی هێنا و دواتر بوو بە یەکێک لە ڕەخنەگرانی “ئەحمەدی نژاد” و لە ساڵی ١٣٩٢ بەربژێریی سەرۆک کۆماریی بوو بەڵام لەلایەن “شوڕای نیگابان”وە سەڵاحییەتی پێنەدرا.
شایانی باسە کە هاوکات یەکێکی دیکە لە بەرپرسانی بانکی دارایی، بەناوی “عەلی بەخشایش” دەسبەسەرکرا.
“کازمی” ماوەیەک سەرۆکی دەستەی ئیدارەکردنی بانکی سەرمایە بوو کە چەند ساڵ پێش باس لە گەندەڵیی ماڵی و دۆسیەیەکی ٨٠٠٠ میلیارد تەمەنی کرا کە تا ئێستا چەند کەسێک بە تۆمەتی بەشداریی لەو پەروەندەدا دەسبەسەر کراون.
گەندەڵیی ماڵی و بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی وڵاتی ئێران بۆتە باسێکی گەرمی میدیا و کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە لیستی کەسانی دەسەڵاتدار و کەسوکاری گەندەڵکارانەوە زیاد دەبێ و گەندەڵیی ماڵی سەرتاپای ڕێژیمی گرتۆتەوە و هەر ڕۆژە کاربەدەستێکی حکوومەتی دەسبەسەر دەکرێ یا وڵات بەجێدێڵێ. لە کاتێکدا کە گەلانی ئێران بەدەست نەداری و نەبوونییەوە دەناڵێنن، بەڵام ڕۆژانە بەبەرچاوی خەڵکی هەژاریی ئەو وڵاتەوە داهات و دارایی خەڵک دەچێتە گیرفانی گەندەڵکارانی دەسەڵات بە دەست و، هێز و گرووپە تێرۆریستییەکانی وڵاتانی دەوربەر و، هیچ ئاوڕێک لە ژیانی خەڵک نادرێتەوە.