مێژووی ئەدەبی کوردستان لە کۆنەوە هەتا ئێستا هەوراز و لێژییەکی زۆریی تێپەڕاندووە و بە داخەوە بە هۆی نەبوونی دەوڵەتێکی کوردی بەشێکی زۆری لە ناو ئەدەبی زارەکی دا ماوەتەوە و نەنووسراوەتەوە، هەر ئەوەش وای کردووە کە زۆر یەک لە دەقەکانی ئەدەبی کوردی لە کۆنەوە تا دەگاتە ئێستا بفەوتێ یان بە ناتەواوی گەیشتبێتە دەست نەوەی نوێ. ئەو بابەتەش هۆکارگەلی جۆراوجۆر دەگرێتەوە و هەر کامەی کۆمەڵێک پرسیار دەگرێتە خۆ.
سەردەمی خۆی لە ئەمریکای لاتین پاش شەڕی جیهانی و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان گوتارێکی بەهێزی ئەدەبی لە لایەن نووسەران و شاعیرانەوە پێشکەش بە ئەدەبی جیهانی کرا و گەلێ دەقی شیعریی و چیڕۆک و ڕۆمانی بەهێزی لێ کەوتەوە و رۆژ لە دوای رۆژ هەنگاویی ئەدەبی ئەو وڵاتانە بەپێزتر و گەشاوەتر دەبوو. رەنگە گرینگترین هۆکار بۆ ئەو بابەتە ئەوە بێت کە وڵاتانی ئەمریکای لاتین هیچ کات لە ئەدەبی فۆلکلۆری نەتەوەیی و مێژووی کۆنی داب و نەریتی خۆیان دانەبڕان و بەردەوام لە هەموو دەقەکانیان ئەو بابەتە کۆن و مێژووییانە رەنگی داوەتەوە و زیندوویان راگرتووە. بە خوێندنەوەی دەقەکانی بورخێس، مارکێز، ئۆکتاویوپاز و هتد.. دەگەینە ئەو راستییە کە ئەدەبی فۆلکلۆر، ئەفسانەکان و حکایەتە کۆنەکان بۆتە بناغەیەک بۆ گێڕانەوەیەکی نوێتر لە بەرهەمەکانیاندا.
هەر وەک ڕوون ئاشکرایە نەتەوەی کورد و هەروەها ئەدەبی کورد بە وێنەی وڵاتەکانی ئەمریکای لاتین لە ئەدەبیاتی زارەکی و مێژووی کۆن و بە بایەخی فۆلکلۆر بێبەش نەبووە و رەنگە ئەگەر زۆرتریشی نەبێ کەمتریشی نەبووە، جێی ئاماژەیە کە نەتەوەی کورد بە پێی هەر ناوچە و لە هەندێک جێگا دا بە پێی هەر شار و بگرە گوندێکیش خاوەنی حیکایەت و ئەدەبی فۆلکلۆری تایبەت بە خۆی بووە و هەر ئەوەش بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە نەتەوەی کورد چ سامانێکی بە بایەخی لە ئەدەبی فۆلکلۆر و حیکایەتە کۆنەکانی بۆخۆی مسۆگر کردووە. واتە کون بە کون و کەلێن بە کەلێنی جوگرافیای کورد خاوەنی کۆمەڵێک ئەفسانە و حیکایەت و بەیت و باوی تایبەت بە خۆیەتی کە هەر کام لەوان جێگای ساڵیانی ساڵ لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی هەیە و دەشتوانێ ڕوانگەیەکی تری هزریمان بۆ وێنا بکا. بە دڵنیاییەوە ئەدەبی فۆلکلۆر دەتوانێ بناغەیەکی پتەو و بە پێز بێ بۆ ڕوانینێکی نوێتر و داهێنانەتر.
نووسەر و شاعیری کورد بە تایبەت لە چەند دەهەی ڕابردوو چەندە حەولی داوە خۆ لە قەرەی ئەو دەقە کۆنانە بدا و بە شێوەیەکی نوێتر و داهێنانەتر زیندووی کاتەوە؟ نووسەری لاوی کورد چەندە ئاگاداری ئەدەبی فۆلکلۆر و بەیت و باوەکانی نەتەوەی خۆیەتی؟ تا چ ڕادەیەک خوێندوویەتەوە؟ بەردەوام لە دەیەی ڕابردوو بە تایبەت لە لایەن شاعیرانەوە بانگەشەی نوێبوونەوە و نوێخوازیی و…، کراوە، ئەوە لە کاتێکدایە کە لە درێژەی ئەو ساڵانە هیچ حەولێک و بانگەشەیەک بۆ خوێندنەوە و چالاکی لە سەر بەیت و باوەکان و دەقەکۆنەکانی ئەدەبی کوردی نەدراوە و بە تەواوی کەوتۆتە پەڕاوێزەوە، نووسەری کورد بەردەوام لە حەولی نوێخوازی و دەقی مۆدێڕن و بگرە پۆست مۆدێڕندا خول دەخوا و تا ئێستاش دەقێکی جیددی و زیندوو نەبیندراوە و بڵاو نەبۆتەوە و بەردەوامیش لە درێژەی ئەو ساڵانەدا لە گەڵ قەیرانی نەبوونی خوێنەر ڕووبەڕوو بۆتەوە،
ئەو شاعیرانەی کە بانگەشەی «نوێخوازی و مۆدێڕنیتە» دەکەن و لە کۆمەڵگا و دەقەکۆنەکانی ئەدەبی کوردی دابڕاون و لەو پەڕی هەورەکانەوە دەفڕن، یان بە درێژایی ساڵی نووری لە پێش خەڵک و کۆمەڵگای خۆیانن یان لە خولیا و خەیاڵی جادووگەرانە دا دەژین!!
لە ژماره ٦٦٠ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه