دامەزراوەکانی ژێر چاودێریی ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە زیاتر لە حەوت هەزار میلیارد تەمەنیان بۆ تەرخانکراوە و لە زۆربەی بەشەکانی ئابووریی وڵاتدا چالاکن، بەڵام لە دانی پیتاک و داهاتانە بە دەوڵەت بەخشراون.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە هیچ چاودێرییەک بەسەر ئەو دامەزراوانەدا ناکرێ و، ناویان لە هیچ سەرچاوەیەکی دارایی دەوڵەتدا نییە و، دەوڵەت لە داهات و دەرکەوتی ئەو دامەزراوانە ئاگادار نییە و کەس نازانێ ئەوانە سەر بە چ شوێنێکن یا لەبەرابەر چ کەس و دامەزراوەیەکدا وەڵامدەرن.
شایانی باسە کە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی ئیدارەی “ماڵیات” لە بارەی بەخشینی ئەو ١٠ دامەزراوەیە، هەواڵدەریی”ئیرنا” لە ڕاپۆرتیکدا بڵاویکردەوە کە ئەو دامەزراوانە حەوت هەزار میلیارد تەمەن بوودجە لە دەوڵەوت وەردەگرن.
ئەو دامەزراوە مەزهەبیانە بریتین لە: “بنیاد مستضعفان انقلاب اسلامی، ستاد اجرایی فرمان امام، بنیاد شهید، کمیته امداد امام، سازمان تبلیغات اسلامی، دفتر تبلیغات اسلامی حوزه علمیه قم، بنیاد مسکن انقلاب اسلامی، مرکز خدمات حوزههای علمیه، موسسه پژوهشی فرهنگی انقلاب اسلامی و جامعه المصطفی العالمیه”.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە پێشتریش باس و خواسی نەدانی باج لە لایەن دامەزراوەکانی سەر بە ڕێبەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتەوە و دەستێوەردانی دامەزراوەکانی سەر بە ڕێبەر، ڕەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
“عەلی موتەهەری” جێگری سەرۆکی مەجلیسی ئێران، لە ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویی ناڕەزایەتی خۆی لەمەڕ چالاکییەکانی ” ستاد اجرایی فرمان امام” دەربڕی، بەهۆی ئەوەی کە نەدانی باج لە لایەن ئەو دامەزراوەیە، کێشە و گرفت بۆ ئابووریی وڵات ناوەتەوە.
“مەجید فەراهانی” سکرتێری “حێزبی نەدای ئیرانیان” پێشتر باسی لەوە کردبوو کە ٤٠ لەسەدی ئابووریی ئێران لە ژێر دەسەڵاتی چەند دامەزراوەیەکدایە کە یەک ڕیاڵ باج نادەن بە دەوڵەت و، بەهۆی دەسەڵاتی خۆیانەوە لە کێبڕکێیەکی ناعادڵانەدا، هەموو گەڵاڵەکانی ئابووریی و ئاوەدانکردنەوەیان خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە.