ژنە نووسەر و رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئێرانی رایگەیاند کە؛ لە ئێران شۆڕشێکی گشتگیر خەریکی سەرهەڵدانە.
ڕوئیا حەکاکیان رۆژی ١٨ی خەزەڵوەر بە هەواڵنێری کوردستان ٢٤ی لە واشنگتۆن ڕایگەیاند؛ گەمارۆکانی ئامریکا گوشاری خستووتە سەر رێژیمی تاران و جموجۆڵ و خۆپێشاندان و مانگرتنەکانی خەڵکی ئێرانیش نیشان لە هەڵایسانی ئاگری شۆڕشێکی گەورەیە.
خاوەنی بەرهەمی “بکوژانی کۆشکی فیرووزە” هاتنە سەرشەقامی خەلکی ئێرانی بە خاڵێکی گرینگ زانی و، لەسەر ئەو باوەڕەیە کە هەرچەشنە گۆڕانکاریی لە ئێران، لە نێوخۆی وڵاتەوە دەسپێدەکا.
ناوبراو لە دڕێژەی قسەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بە دۆخی خراپی ئابووری و هەژاری ودەسکورتی خەڵکی ئێران، هیوای خواست کە ئەو دۆخە لەو زیاتر نالەبار نەبێ.
ژنەنووسەری بەڕەچەڵەک ئێرانی ڕوئیا حەکاکیان گوتی: جموجۆڵەکانی نێوخۆی وڵات و گوشارە دەرەکییەکان و چالاکییەکانی دەروەی وڵاتیش لە پێوەندی لەگەڵ شۆڕشی بەربڵاو لە ئێران دەتوانن رۆڵی بەرچاویان هەبێ.
حەکاکیان بە باس کردن لە پێویستی ئەوەی کە لێکترازانەکان ببێتە یەکگرتوویی رایگەیاند: لە قوناغی ئێستادا هەرچەشنە یەکریزی و نیزیکبوونەوە لە نێوان خەڵکی نێوخۆ و دەروەی وڵات، خێرایی بە ڕەوتی گۆڕانکارییەکان و شۆڕشی خەڵکی ئێران دەبەخشێ.
شیاوی باسە ڕوئیا حەکاکیان ژنە نووسەری ئێرانی ئامریکاییە، کە لە ساڵی ١٣٤٥ی هەتاوی لە شاری تاران لەدایکبووەو یەکێک لە نووسەرانی بەناوبانگە کە چەند بەرهەمی لە پێوەندی لەگەڵ رێژیمی تاران و دۆخی ئیران بڵاوکردووتەوە.
بەرچاوترین بەرهەمی لە ساڵی ٢٠١١زایینی سەبارەت بە لایەنە نەگوتراوەکانی تیرۆری میکۆنووس و دادگای میکۆنووس لە ژێرناوی “پیاوکوژانی کۆشکی فیرووزە” بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردووتەوە کە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە کردوویە بە کوردی.