بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرکامەو بە جۆرێک باسی کاریگەریی نەرینی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران دەکەن.
لەدرێژە کاردانەوەکان بە نیسبەت خولی دوویەمی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی رۆژی شەممە ١٩ی خەزەڵوەر بۆ جارێکی دیکە لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، کە گوایا گەمارۆکانی ئامریکا هیچ کاریگەریی بۆ سەر دۆخی ئابووریی ئێران نیە و تەنیا گوشار خستن بۆ سەر خەڵکە.
سەرۆککۆمار روحانی بە ناوهێنان لە خەڵک، دیسان هەوڵی دا، نابەرپرسایەتی و سیاسەتی سەرەرۆیانە دەوڵەتەکانی کۆماری ئیسلامی کە بۆتە هۆی ئەو دۆخە پەردەپۆش بکا.
حەسەن روحانی لە کۆبوونەی بەرپرسانی سێ دەزگای گرینگی وڵات، کە قسەکانیشی لە دەنگ وڕەنگی کۆماری ئیسلامی بڵابۆوە، ڕایگەیاندکە؛” سزا و گەمارۆکانی ئامریکا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ڕەوتی ئابووریی ئێران دانەناوە”
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا دەوڵەتی ئامریکای بە دوژمنی خەڵکی ئێران ناوبرد.
ئیدیعاکانی خامنەیی و روحانی لە کاتێكدایە کە هەر لەماوەی چەند رۆژ لەمەو پێش دوو بەرپرسی دیکەی ڕێژیم باسیان لە قووڵبوونەوەی قەیرانەکانی نێوخۆ کردوە، بە هۆی گەمارۆکانی ئامریکاوە کە هەموو وڵاتی تەنیوە.
هەر بە گوتەی ئیسحاق جیهانگیری جێگری یەکەمی خۆدی ڕوحانی ، کە گوتبووی ” نابێ ڕاستییەکان لە خەڵک بشارینەوە، دەبێ باس لە کاریگەریی خراپی گەمارۆکان بکەین و لە خەڵکی نەشارینەوە ”
جیهانگیری ڕایگەیاند کە لە چەند مانگی ڕابردوودا گەمارۆکان کاریگەریی خراپی بەسەر دۆخی ئابووریی وڵات داناوە.
دوای قسەی جێگری یەکەمی سەرۆكکۆماری ئێران، دەمڕاستێکی دیکەی ڕێژیم “هاشمی تەبا” جێگری پێشووی “ڕەفسەنجانی و خاتەمی” لە دانپێدانانێکی چاوەڕواننەکراودا ڕایگەیاند کە هیچ کەس توانای چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی وڵاتی نیە.
لە لایەک دیکەش چەند بەرپرسی پلەبەرزی دەوڵەتی ئامریکا بۆ نموونە “برایان هووک” سەرۆکی کارگرووپی دژە ئێران و، هەروەها جان بوڵتۆن ڕاوێژکاری کۆشکی سپی باس لە کاریگەریی بەرچاوی گەمارۆکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئێران دەکەن.
بەرپرسانی دەوڵەتی ئامریکا چەندین جار بە پێچەوانەی قسەکانی روحانی رایانگەیاندوە کە مەبەست لە گەمارۆکان، گوشارخستن سەر خەڵک نیە بەڵکوو ناچارکردنی دەوڵەتی تارانە کە واز لە سیاسەتی دەستێوەردان و ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکە بهێنێ