بە پێی هەواڵێک کە لە پیرانشارەوە بەدەستمان گەیشتووە، یەکێک لە پێشمەرگەکانی پێشووی حیزبی دێموکرات بەناوی هاوڕێ ڕەسووڵ تارومی خەڵکی ناوچەی پیرانانی پیرانشار دوای تەمەنێک ژیان بە رووسووری رۆژی ١٩ی خەزەڵوەری ٩٧ی هەتاوی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
هاوڕێ ڕەسووڵ تارومی لە ماوەی پێشمەرگایەتی لە سەردەمە سەخت ودژوارەکانی خەباتی حیزبی دێموکراتدا ئەوەی لەدەستی هات لە پێناوی سەرخستنی گەل و وڵات دەریغی نەکرد.
بە گوتەی هاوسەنگەرانی ڕەسووڵ تارومی لە سەردەمی پێشمەرگایەتی لە ناوچەی پیرانانی مەڵبەندی پیرانشار یەکێک لە پێشمەرگە هەرە ئازا و جێیباوەڕ و متمانەی خەڵکی ناوچە، بەتایبەتی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە پیرانشار بووە و، چەندین ئەرکی گرینگی پیشمەرگانەی بە باشترین شێوە بەڕێوەبردوە.
ناوبراو دوای پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی، بەهۆی گرفتی تاکەکەسی و بە ڕەزامەندی و ئیجازەی حیزب و ئەندامانی کۆمیتەی پیرانان، گەڕایەوە سەر ژیانی ئاسایی، بەڵام هەتا دواچرکەی ژیانی دڵی بۆ سەرنگەری خەبات لێدەدا و، لە پێوەندییەکانی خۆی هەر بەردەوام بوو.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لەسەرجەم پێشمەرگە و تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات، پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە کەسوکارو بنەماڵەی خوالێخۆشبوو تارومی دەکا و، خۆی لە خەم و پەژارەیان بە بەشدار دەزانێ.