کارەساتی تەقە کردن و ئامانج کردنی کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بە دەستی هێزە چەکدارەکانی رێژیم بەردەوامە.
بە پێی ڕاپۆڕتی موکریان ڕۆژی هەینی ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاویی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “یوونس ئیبڕاهیمی” کوڕی “عەلی” خەڵکی گوندی “زێوە”ی ناوچەی سەردەشت، لە کاتی کۆڵبەرییدا لە لایەن هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تەقەی لێدەکرێ و بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە ڕێگە شاخاویەکانی پشتی گوندی “بێتووش”ی ناوچەی ئالانی سەردەشت گیانی لەدەستدا.
هەروەها بە پێی هەواڵی سەرچاوە خۆجێیەکان ڕۆژ١٧ ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی کاسبکارێکی کورد بە ناوی “فارووق فەیزی” کوڕی “ئیسماعیل” خەڵکی گوندی “تەنگیوەر” سەر بە شاری کامیاران بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەختی بریندار بوو و دواتر گیانی لەدەستدا.
جێی ئاماژەیە کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر دوو کاسبکار لە ناوچە سنووریەکانی “خۆی” و پیرانشار” کوژران و بریندار بوون
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی “ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان”، بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەر، کاسبکارێک بە ناوی “سەلاح ئەسفەندیار” تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی “حەسەن” خەڵکی گوندی “هەمزاوا”ی مەهاباد، کەوتە بەردەسڕیژی چەکەکانی هێزە ئەمنیەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گیانی لەدەستدا.
هەر بەپێی ڕاپۆرتی ئەو سەرچاوەیە، ڕۆژی ١٦ی خەزەڵوەر، هێزەکانی پاسگای “درخان” هەڵکەوتوو لە گوندی “قیلەلیق” لە ناوچە سنووریەکانی ” خۆی” کاسبکارێکیان بە ناوی “مەنسوور پەرویزی” خەڵکی ناوچەی “قتوور” دایە بەردەسڕیژی چەکەکانیان و بەسەختی برینداربوو.
کوشتن و بریندارکردنی کاسبکار و کۆڵبەرانی کورد، بۆتە کاری ڕۆژانەی هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەشێوەیەکی بێبەزەییانە و دوور لە یاسا ئینسانی و نێودەوڵەتیەکان خەڵکی هەژار و نەداری ناوچە سنووریەکان دەکوژن یا بریندار و دەسبەسەریان دەکەن. لە کاتێکدا کە حکوومەت بەرپرسە لە پاراستنی سەروماڵ و دابینکردنی ژیانی هاووڵاتیان، بەڵام بەداخەوە ئەو هێزانە بوونەتە بەڵای گیانی خەڵک و بەهەموو شێوەیەک لەهەوڵی لەناوبردن و برسی کردنی هاووڵاتیان دان و بێ هیچ لێپرسینەوەیەک هێزە چەکدارەکان بڕیاری کوشتنی ئەو کەسانە دەدەن کە لە ژێر دەسەڵاتی ناکارامەی ئەو رێژیمەدا خەریکی پەیداکردنی بژیویی ژیانی خێزانەکەیانن.