“هاشمی طبا” جێگری پێشووی “ڕەفسەنجانی و خاتەمی” لە دانپێدانانێکی چاوەڕواننەکراودا ڕایگەیاند کە هیچ کەس توانای چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی وڵاتی نییە.
ناوبراو وێڕای ڕەخنە لە مەجلیس و شوڕای نیگابان ڕایگەیاند کە یاسادانان لە دەست “ڕوحانی”دا نییە و ئەو لەوبارەوە هیچی لە دەست نایە.
“مستەفا هاشمی تەبا” لە وتووێژێکدا لەگەڵ “خەبەر ئانلاین”، لەمەڕ زیادبوونی ڕەخنەکان ڕوو بە “ڕوحانی” ڕایگەیاند کە: ئەو کەسانەی کە ڕەخنە دەگرن هیچ ڕێگە چارەسەرێک نادۆزنەوە و زۆرتر خەریکی ڕەخنەگرتنن و ئەگەر ئەو کەسانەی کە ئاوا بە توندی هەڵسوکەوت دەکەن، هەر ئەمڕۆ خۆیان بێنە سەر کار، ناتوانن چارەسەری ئەم بارودۆخە بکەن.
قسەکانی “هاشمی طبا” باس لەوە دەکا کە کۆنترۆڵی قەیرانەکانی ئێران لەدەستی دەوڵەت نەماوەو رۆژبەدوای رۆژ قووڵتر دەبنەوە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ڕەخنەگرانی دەوڵەت چاوەڕوانییان زۆرە و دەیانهەوێ دەوڵەت هەموو ئەرکەکان لە ئەستۆ بگرێ. لە کاتێکدا باروودۆخەکە گەیشتۆتە جێگەیەک کە هیچ سەرۆک کۆمارێک توانای چارەسەریی کێشەکانی نییە.
جێی ئاماژەیە کە هەر لەوبارەوە ” عەلەم ئەلهودا” نوێنەری خامنەیی لە شاری مەشهەد لە نوێژی هەینیدا بەشێوەیەکی دیکە، ئیشارەی بە کێشەکانی وڵات کرد و گوتی: هەڵاوسانی ٤٠ لە سەد، ئابووریی وڵاتی بەرەو وێرانە بردووە. ناوبراو بە تەوسەوە ڕوو بە “ڕوحانی” گوتی: ٣ وەزیر گۆڕاون و کابینەی دەوڵەت گۆڕاوە بەڵام داواکاریی خەڵک هەر لە جیی خۆیەتی.
هاوشمی تەبا بە ئاوردانەوەیەکی کورت بە سەر دۆخی ئابووریی ئێران ڕاگەیاند؛
لە بازاڕی ئێستادا کەس حیساب بۆ کەس ناکات و لە بەرەوپێشبردنی کانزاکاندا نەک هەر هیچ پێشکەوتنێکیان بەخۆیانەوە نەدیوە بەڵکوو بەرهەمە خاوەکانیان داوەتە دەست کۆمەڵێک تاڵانچی و، کرێکاران لە دژوارترین بارودۆخدا ژیان تێپەڕ دەکەن و مووچەیان پێنادرێ.
دانپێدانانی یەک بەدوای یەکی دەمڕاستەکانی ڕێژیم سەبارەت بە قووڵبونی قەیرانەکانی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات لە کاتێکدایە کە حەوتەی ڕابردووش ئیسحاق جیهانگیری جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار باسی لەوە کرد کە دەبێ ڕاستییەکان بە خەڵک بگوترێ ئیسحاق جیهانگیری لەو کۆبوونەوەیەدا رۆژی ١٥ی خەزەڵوەر لە پێوەندی لە گەڵ خولی دوویەمی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران و هەلومەرجی ئابووری و گرفتەکانی بەردەم رێژیم لەو بارەوە گوتی: “لەم دۆخەدا پێویستە ئێمە لە گەڵ خەڵک روو ڕاست بین” قسەکانی جیهانگیری لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی دیکە رێژیم، وەکوو ڕێبەی باڵای نیزام و سەرۆککۆمار دەڵێین :گەمارۆکان شتێکی نوێ نین و کاریگەرییان نیە” و حاشا لە قەیرانەکانی وڵات دەکەن.