“عەبدولفەتاح سیسی”سەرۆک کۆماری “میسر”، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە ئەگەر ئاسایشی “کەنداو” بکەوێتە مەترسیەوە، دەستێوەردانی سەربازیی دەکەین.
“سیسی” لە “شەرەمولشێخ” پێداگریی لەسەر ئەوە کرد کە لە کاتی خەتەری ئەمنییەتیی بۆ سەر کەنداو، بۆ بەرگریی لە براکانمان، هێزە سەربازیەکانمان دەخەینە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و بەدڵ و گیان هاوکاری براکانمان دەبین. ناوبراو پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە ئاسایش و ئەمنییەتی کەنداو، هێڵی سوورە.
“عەبدولفەتاح سیسی” دوای هاتنە سەر کاریی لە ساڵی ٢٠١٤ دا، پێوەندیەکی دۆستانە و نزیکی لە گەڵ وڵاتانی دەوروبەریی کەنداو و بەتایبەتی “عەڕەبستانی سەعوودی” و ئیماراتی یەکگرتووی عەڕەبی” هەبووە و”ڕیاز و ئەبووزەبی”، دوای ڕووخانی حکوومەتەکەی ” محەممەد مرسی” لە ساڵی ٢٠١٣دا، هەمیشە پشتیوانیی دارایی “قاهیرە” بوون.
لە پێوەندیی لەگەڵ “قەتەر” کە عەڕەبستان” ئەو وڵاتە بە پشتیوانی تێرۆریزم و دۆستی نیزیکی “ئێران” ناو دەبا، “میسر”یش هەر وەکوو “ئیمارات” و بەحرەین” پێوندییە دیپڵۆماسییەکانی خۆی لەگەڵ ئەو وڵاتە پساندووە.
شایانی باسە کە ئەو قسانەی “سیسی” لە بارەی ناسەقامگیریی و دەستێوەردانی سەربازیی لە کەنداو، دوو ڕۆژ پێش لە کاتی مانۆڕی سەربازیی هاوبەشی “میسر” و چەند وڵاتی عەڕەبیی دەوروبەریی کەنداو دا بووە.
ناوبراو وێڕای ئاماژەدان بە هەلومەرجی شێواو و نالەباری “سووریە، یەمەن و لیبی” و وەزعی خراپی ناوچەکە، ڕایگەیاند کە هێزە سەربازییەکانمان دەتوانن بەرەنگاری هەر جۆرە هەڕەشەیەک ببننەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا، وتەبێژیی سپای “میسر” ڕایگەیاند کە لە مانۆڕی داهاتوودا،هێزەکانی دەریایی، هێزەکانی ویشکانیی و هەوایی “ئیمارات، عەرەبستانی سەعوودی، کوەیت،بەحرەین و ئۆردۆن” بەشدارن و هیزەکانی “لوبنان و مەراکش”یش دێنە نێو ئەو هاوپەیمانەتییەوە.