خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی شارەدێی “نێ”ی مەریوان دەڵێین سێ حەوتەیە بە ئیدارەی پەروردە و بارهێنانیان ڕاگەیاندووە پێویستیان بە ئامێری گەرمکەرەو و سۆبە هەیە، بەڵام تاکوو ئێستا وڵامی داواکارییەکەیان نەدراوەتەوە.
بە پێی ئەو وێنەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، خوێندکاران بە بەرزکردنەوەی دەسنووسراوەی ئێمە “سەرمامانە” و “سۆبەمان نییە” دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان لە ڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بە گوێ خەڵک و بەرپرسان گەیاندووە و خوازیاری ئاوردانەوە لە دۆخی ناستانداردی پۆلەکانی خوێندنیان بوون.
ناڕەزایەتی و دەنگهەڵبڕێنی خوێندکارانی مەریوان و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدایە کە هەرساڵە لە وەرزی سەرمادا ڕووداوگەلێکی کارەساتبار و دڵتەزێن وەکوو ئاگرگرتنی سۆبەی نەوتی لە پۆلەکان و کوژران و بریندار بوونی خوێندکارانی دەخولقێت. هەر لەو پێوەندییەدا ساڵی ۱۳۹۱ بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە خوێندنگەی گوندی شیناوێ سەر بە پیرانشار ۲۹ خوێندکاری کچ بریندار بوون کە دوو کەسیان بە هۆی قووڵی برینەوە گیانیان لە دەستدا.