شۆڕایی ڕێکخستنی ڕێکخراوە سینفییەکانی مامۆستایانی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک بۆ بەشداریی مامۆستایان لە مانگرتن، ئاماژەی بەوەداوە کە کاربەدەستانی حکوومەت بەنیاز نین کە کێشەکانیان چارەسەر بکەن. لە بانگەوازەکەدا داوا کراوە کە مامۆستایان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە وڵام نەدانەوەی داخوازیەکانیان، مان بگرن.
لەو بانگەوازەدا ئاماژە بە هەلومەرجی نالەباری ژیانی مامۆستایان و بێ وەڵامی داواکاریەکانیان کراوە و ڕوو بە مامۆستایان، خوێندکاران و گەلانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە: هەروەک هەموولایەک ئاگادارن بەڕێوەبەریی پەروەردەی ئێران لە گەڵ قەیران و کێشەی جیددی بەرەوڕوویە و سێ دەزگای سەرەکیی ئێران، ئیرادە و نیازی چارەسەریی کێشەکانیان نییە و چاوپۆشی لە ویست و داخوازییەکانی مامۆستایان دەکەن.
دەزگا ئەمنییەکان هەروا خەریکی پەروەندەسازیی و سەرکوتی چالاکانن و لەمەش زیاتر تۆمەتی ئەخلاقی و ڕەوانیی دەدەنە پاڵ چالاکانی سینفی و هەروەها هێندێک لە نوێنەرانی مەجلیس بەشێوەیەکی ئاشکرا حاشا لە ناڕەزایەتیی دەربڕینی مامۆستایان دەکەن و بەشێوەیەکی توند هێرش دەکەن سەر مامۆستایان و بێرێزی و بوختانیان پێدەکەن.
لە بەشێکی دیکەی بانگەوازەکەدا هاتوە: دوای چەندین دانیشتن، نامە ناردن و تۆمار، کۆبوونەوە و دەربڕینی ناڕەزایەتی، بەڵام هیچ وڵامێکی ئیجابیمان لە کاربەدەستانی دەوڵەت وەرنەگرتۆتەوە. کاربەدەستانی دەوڵەت نەک هەر وەڵامی ویست و داخوازە ڕەواکانی ئێمەیان نەدایەوە، بەڵکوو ئیستا خەریکی ئامادەکردنی گەڵالەیەکن دژی مامۆستایان و پەروەردە، بەنێوی “گەڵاڵەی مامۆستای تەواو وەخت” کە جیبەجێکردنی ئەو گەڵاڵەیە، زیاتر لە جاران لە مووچەی مامۆستایان کەمدەبێتەوە و لە مافەکانیان بێبەشیان دەکا.
جێی ئاماژەیە کە ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣ ی مانگی ڕەزبەر، لە سەر بانگەوازی شۆڕای ڕێکخستنی ڕێکخراوە سینفیەکانی مامۆستایانی ئێران و بەشێکی دیکە لە ڕێکخراوەکانی مامۆستایان، مانگرتنی سەرانسەریی لە ٥٠ شاری ئێران و زۆربەی شارەکانی کوردستان وەڕێخرا کە لە ئاکامدا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەیان کەسیان لە مامۆستایان دەسبەسەر کرد.