لە درێژەی کاردانەوەکان بەنیسبەت دوایین هەوڵی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی دانماڕک و هەروەها چەندین هەوڵی دیکە لە وڵاتانی فەڕانسەو نوروێژ و هولەند، ئادام ئەرلی وتەبێژە پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە ئاشکراکراوەکان لە سەر وەگەڕ کەوتنی ماشینی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە رایگەیاند: لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ٤ هەوڵی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ئورووپایی پووچەڵ کراوەتەوە.
کە واتە لە هەر ٦ حەوتە، هەوڵێکی تیرۆریستی روویداوە و ئەڵبەت ئەو رێژەیە ڕەنگە زیاتر بێت، چونکە تەنیا ئەو چوار هەوڵە تیرۆریستییە ئاشکرا کراون.
ئادام ئەرلی، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: لە پێوەندیی لەگەڵ هەوڵە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە چەند مانگی ڕابردوودا، سێ دیپلۆماتی ئێرانی دەرکراون و، دیپلۆماتێکی دیکەش دەسبەسەرکراوە، ئەوە نیشاندەری ئەوەیە کە وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ شوڕای باڵای ئەمنیەتی نەتەوەیی و سپای پاسداران و ویلایەت فقیهـ، بەشێوەی بەربڵاو دەیانهەوێت پەرە بە تیرۆریزم بدەن و، بۆ ئەو مەبەستەش باڵیۆزخانەکان بەکار دەهێنن.
وتەبێژی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەوڵە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند ڕێکاری خستووتەڕوو؛
ئادام ئەرلی دەڵێ: یەکەم ئامریکا و ئورووپا دەبێ سەرەتا کۆماری ئیسلامی بە پشتیوان و ڕێکخەری تیرۆریزم لە جیهان بناسێنن، دوویەم ئەوەی کە پێش لەسەرچاوە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندییە ئەمنییەکانی لە ئورووپا بگیردرێ، سێیەم ئەوەی کە مادام وەزارەتی ئیتلاعات، باڵیۆزخانەکانی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی تیرۆر و هەوڵە تیرۆریستییەکان بەکار دەهێنێ، پێویستە یان زۆربەیان دابخرێن، یان رێژەی دیپلۆماتەکانی دەوڵەتی تاران لە وڵاتانی ئورووپایی کەم بکرێتەوە .
شیاوی باسە کە بە هۆی تازەترین هەوڵی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی دانمارک کە رۆژی ٨ی خەزەڵوەر پووچەڵکرایەوە ، چەندین وڵاتی سکاندیناوی هاوڕان بۆ هاوکاری بەدژی تیرۆریزمی نێودەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران.