پێشمه‌رگه خۆشه‌ویسته‌کانی ده‌وره‌ی ٢٣٠ی سه‌ره‌تایی پێشمه‌رگه!
ته‌واوکردنی سه‌رکه‌وتووانه‌ی ده‌وره‌ی سه‌ره‌تایی پێشمه‌رگه و له‌به‌رکردنی به‌رگی پیرۆزی پێشمه‌رگانه‌تان لێ پیرۆز بێ. هیوادارم ئه‌مڕۆ سه‌رفه‌سڵی ڕۆژگارێکی به‌ردرێژ و به‌به‌رهه‌می خزمه‌ت و تێکۆشانی ئێوه له‌پێناو مافه ڕه‌واکانی میلله‌ته‌که‌ماندا بێ. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ڕۆژی ڕزگاری و ده‌رهێنانی خاکی وڵات له‌ژێر پۆتینی داگیرکه‌رانیش دوور نه‌بێ، کاری ئێوه نه‌وه‌ی نوێ بۆ پاراستنی کوردستان و حه‌ساندنه‌وه‌ی دایکی نیشتمان تازه ئه‌وده‌م ده‌ست پێده‌کا. ده‌مه‌وێ لێره‌دا سه‌باره‌ت به زه‌حمه‌ت و ماندووبوونی بێ‌وچانیان له‌پێناو په‌روه‌رده‌کردن و ڕاهێنانی ئێوه‌دا، هه‌روه‌ها سوپاس و ئه‌مه‌گناسیی خۆم و حیزب پێشکه‌ش به به‌رپرسی فێرگه کاک برایم چووکه‌ڵی و سه‌رجه‌م کارگێڕانی فێرگه و مامۆستا به‌ڕێزه‌کانی ئه‌و ده‌وره‌یه بکه‌م.
دوو مانگ پێش ئێستا قه‌ڵای دێموکڕات و پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییه‌وه مووشه‌کباران کران که هه‌روه‌ک ده‌زانن له ئاکامی ئه‌و هێرشه بێوێنهیهدا پۆلێک له باشترین سه‌ردار و سه‌ربازانی ڕێبازی دێموكڕات شه‌هید بوون. به‌ڵام هه‌روه‌ک ئه‌وده‌م به‌ڵێنمان دا، حیزبی ئێمه له‌ژێر باری ئه‌و زه‌بره قورسه‌ش هه‌ستایه‌وه و نه‌یهێشت ئاڵای ده‌ستی شه‌هیده‌کانمان له هیچکام له سه‌نگه‌ره‌کانی تێكۆشانی ئه‌واندا بکه‌وێته سه‌ر عه‌رز. ئه‌وه بێگومان به‌رهه‌می وره و ئیراده و مشوورخۆریی رێبه‌ریی حیزبی ئێمه و ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه له کوردستان و له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و پشتیوانیی که‌موێنه‌ی خه‌ڵکی کوردستان له حیزبی دێموکڕات بوو، به‌ڵام نه‌ده‌کرا ئه‌گه‌ر دڵگه‌رم و پشت ئه‌ستوور به پێشمه‌رگه قه‌دیمی و لاوه‌کانمان نه‌باین. ئه‌وان هه‌ر له یه‌که‌م چرکه‌ساتی ئه‌و جینایه‌ته‌وه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دۆخه‌که‌دا له هیچ ماندووبوون و شه‌ونخوونییه‌ک درێغیان نه‌کرد و به ڕه‌فتاری به‌رپرسیارانه و قاره‌مانانه‌یان نیشانیان دا که ئه‌و ئه‌مانه‌ته که مامەقاله و مام شێرکۆ و هاوڕێ و پێشه‌وا و جه‌ماڵ و مه‌نسوور بۆ هه‌میشه ئه‌رکی پاراستنه‌که‌یان به‌وان سپاردبوو، به باشترین شێوه ده‌پارێزن. ئه‌وه‌ی ئه‌وان دوابه‌دوای مووشه‌کبارانه‌که و له‌و ماوه‌یه‌دا کردیان هیچی که‌متر نه‌بوو له‌و قاره‌مانه‌تییه که ده‌کرا له سه‌نگه‌ری خۆڕاگریی چه‌کدارانه‌دا بیکه‌ن. بوونی ئێوه‌ش ئه‌مڕۆ لێره به ژماره‌یه‌کی زۆرتر و جۆراوجۆرییه‌کی زیاتره‌وه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ده‌وره‌کانی پێشوو سه‌لمێنه‌ری ئه‌و ڕاستییهیهیه که وه‌ك چۆن گوتمان مووشه‌کباران ئیراده‌مان ناشکێنێ، مووشه‌كباران ئاگردانی خهباتیشمانی دانهمرکاند. به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه‌ی دیتمان بووژانه‌وه و گه‌شانه‌وه‌ی کوانووی خه‌بات بوو.
پێشمه‌رگه خۆشه‌ویسته‌کان!
دڵنیام ئه‌و ده‌وره‌یه‌ی تێپه‌ڕتان کردووه خاڵێکی وه‌رچه‌رخانه له‌سه‌ر ڕێچکه‌ی ژیان و گه‌شه‌کردنی که‌سایه‌تی و شکڵ‌گرتنی ڕوانینتان بۆ وجوودی ئینسانی و کوردانه‌تان له جیهانی ئاڵۆز و پێکه‌وه گرێدراوی ئه‌مڕۆدا. ئێوه له‌م ده‌وره‌یه‌دا زۆر شتی نوێ سه‌باره‌ت به ڕابردووی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد و سروشتی مه‌سه‌له‌ی کوردستان، ڕێباز و ئامانجی حیزبی دێموکڕات و ڕوانینی ئه‌و حیزبه بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد و پرسه‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگە، ماهییه‌تی کۆماری ئیسلامی و لایه‌نه جۆربه‌جۆره‌کانی خه‌بات به‌دژی ئه‌و ڕێژیمه، ئه‌کته‌ره‌کانی دیکه و دنیای ده‌ره‌وه، هه‌روه‌ها خیسلهت و که‌ره‌سته‌ی شۆڕشگێڕی فێر بوون. بێگومان زۆر شتی دیکه‌ش ماوه فێری بن، چونکه ئه‌ساسه‌ن زانین شتێكه که مرۆڤ قه‌ت به ته‌واوی په‌یدای ناکا و هه‌میشه‌ش ده‌کرێ لێی ببڕێ. ئه‌وه ئه‌رکی ئێمه‌یه که له په‌روه‌رده‌ی به‌رده‌وامی ئێوه بۆ قۆناغه‌کانی دواتر غافڵ نه‌بین و ڕێنوێن و هاوکارتان بین. به‌ڵام بۆخۆشتان ده‌بێ له‌گه‌ڵ خۆتان سه‌ختگیر بن و هه‌رده‌م خه‌ریکی فێربوون و خۆپێگه‌یاندن بن، ئه‌وه هه‌م ئێوه وه‌ک تاک له کۆمه‌ڵگەدا متمانه‌به‌خۆ و سه‌رکه‌وتوو ده‌کا، هه‌م بۆ خزمه‌ت به دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌که‌مان و بردنی ئه‌و گه‌له بۆ نێو ڕیزی کاروانی پێشکه‌وتنی مرۆڤایه‌تی تهیارتان ده‌کا.
ئێوه له‌و ده‌وره‌یه‌دا ئه‌گه‌ر وڵامی زۆر پرسیارتان وه‌رگرته‌وه، به دووری نازانم زۆر پرسیاری تازهشتان بۆ دروست بووبێ. به‌ڵام خه‌متان نه‌بێ، بۆ ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونه‌كان و تۆکمه‌کردنه‌وه‌ی باوه‌ڕێکی هاوبه‌ش که مه‌رج نییه باوه‌ڕێکی وشک و یه‌کده‌ست بێ، کات و ده‌رفه‌ت نابڕێن. به قه‌ولی ڕێبه‌ری شه‌هید دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندی، بۆ خه‌بات چ زۆره ڕێگا. ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ بیزانن و هه‌میشه له‌بیرتان بێ ئه‌وه‌یه که بوونی ئێوه لێره به ڕێکه‌وت نییه، ئه‌وه به‌رهه‌می مێژوویه‌که، مێژووی ڕێگابڕینی سه‌دان ساڵه‌ی کاروانێک، کاروانێک که له ده‌می پێگه‌یشتن و ده‌روه‌ستیی ئێوه‌دا به قۆرتی زۆر گه‌وره و چاره‌نووسسازدا ڕاده‌برێ، کاروانێک که له‌دوای ئێمه‌ش هه‌ر له‌سه‌ر ڕێگابڕینی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێ. ئه‌و کاروانه کاروانی هه‌نگاونانی ئه‌گه‌رچی به‌داخه‌وه ناڕێک، به‌ڵام شێلگیرانه‌ی کۆی میلله‌تێکه بۆ گه‌یشتن به مه‌قسه‌دێکی مه‌وعوود و مه‌شرووع. مه‌قسه‌دێک که له‌ودا گه‌لی کورد هه‌ست بکا چاره‌نووسی خۆی به‌ده‌ست خۆیه‌تی، زمانی قه‌ده‌غه نییه، ناسنامه‌ی ناشێوێندرێ، خاکه‌که‌ی جرجانخواردوو ناکه‌ن، سه‌روه‌ت و سه‌رچاوه‌کانی نادزن، ڕۆڵه‌كانی ده‌ستگیر و ئەشکهنجه و ئێعدام ناکرێن، خه‌ڵکی ده‌ستکورتی له‌سه‌ر په‌یداکردنی پارووه نانێک گیانیان لێ ناستێندرێ. مه‌قسه‌دێک که ئینکار و ته‌بعیز و سه‌رکوتی فه‌رمانڕه‌وا یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی کوردستان کۆتایی دێ و کوردیش وه‌ک هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌ی دنیا به ئازادی و به‌ختیاریی ده‌گا.
ئه‌و ڕۆژه‌ی من له یه‌كێک له کلاسه‌کانی ئه‌م ده‌وره‌یه‌دا له خزمه‌تتاندا بووم، بۆم باس کردن که چۆن دنیای ئه‌وڕۆ بۆ میلله‌تێکی وه‌ک میلله‌تی ئێمه و بۆ بزووتنه‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێڕی وه‌ک بزوتنه‌وه‌که‌ی ئێمه پڕه له ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ست، به‌ڵام هاوکات پڕیشه له ئامراز و ده‌رفه‌ت. ئه‌وه ئێمه‌ین که نابێ به‌ربه‌سته‌کانی بوارێک یان سه‌ختییه‌کانی قۆناغێک له به‌رده‌وامبوون له خه‌بات شلمان بکاته‌وه. ئه‌وه ئێمه‌ین که ده‌بێ ده‌رفه‌ته‌کان زۆرتر و باشتر ده‌کار بخه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌باته به ئه‌نجام بگا و ئاواتی شه‌هیده‌كان وه‌دی بێ.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئێمه وه‌ك کورد به‌گشتی و وه‌ک کوردی ڕۆژهه‌ڵات به‌تایبه‌تی پێویسته به زۆر شت‌دا بچینه‌وه. پێداچوونه‌وه بۆ میلله‌تێك که شه‌رم له ڕابردووی خۆی نه‌کا و شانازی به مێژووی خۆیه‌وه بکا، قه‌ت نابێ به مانای گه‌سک لێدان و ڕاماڵین بێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی بنه‌ڕه‌تییش ئاڵوگۆڕ به‌سه‌ر ڕوانینمان له مه‌سه‌له‌یه‌کدا بێنین. پێداچوونه‌وه ده‌بێ به مانای پێداهاتنه‌وه و بژارکردن بێ. ئێمه کاتێک ده‌ڵێین ده‌بێ له‌گه‌ڵ ڕووحی عه‌سر بژین و رۆڵه‌ی سه‌رده‌می خۆمان بین، ئه‌وه به‌و مانایه نییه که پاشخانی خۆمان له‌بیر بچێته‌وه و لێگه‌ڕێین سامانی مێژوویی و مه‌عنه‌ویمان هه‌ڕاج بکرێ. ئه‌گه‌ر بێگومان باڵه‌کان پێویستن بۆ ئازاد فڕین، ئه‌وه ڕه‌گ و ڕیشهكانن که به خاکت ده‌به‌ستنه‌وه. ئه‌و به‌ڕۆژکردنه‌وه و دووباره خوێندنه‌وه‌یه بێگومان ته‌عامولمان له‌گه‌ڵ نه‌یارانی کۆن و نوێی کورد و له‌گه‌ڵ هاوکێشه جیهانی و ناوچه‌ییه‌کان و کارتێکه‌ریی به‌رژه‌وه‌ندییه بچووک و گه‌وره‌کان له‌سه‌ر ئێستا و ئایندهی مه‌سه‌له‌ی کورد و خه‌باتی ئه‌و میلله‌ته ده‌گرێته‌وه. به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی کورد پێش هه‌موو شتێک ده‌بێ ئه‌وله‌وییه‌ت بداته کارکردن له‌سه‌ر خۆی، هه‌م بۆ تۆکمەکردنهوهی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و هاوبه‌شکردنی جۆراوجۆرییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگەی کورده‌واری له یه‌ک پرۆژه‌ی گه‌وره‌ی سیاسی‌دا، هه‌م بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی دابه‌شبوونه نێوخۆییه‌کان و پڕکردنه‌وه‌ی درزه‌کانی نێو ئه‌و کۆمه‌ڵگەیه.
لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه پێشمه‌رگه لاوه‌کان به چاوی کراوه و پشووی درێژه‌وه ملی ئه‌و رێگایه بگرن که له‌مڕۆڕا ده‌ست پێ ده‌كا، ناچارم بڵێم که به‌داخه‌وه سه‌رباری په‌ره‌گرتن و چڕبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌کانی سه‌ر میلله‌ته‌که‌مان، ئه‌و میلله‌ته هێشتا زۆر دابه‌ش و نایهكگرتوویه. ئه‌وه یه‌ك له نه‌ریت و شانازییه‌كانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانه که وێڕای ئه‌وه که ئه‌و حیزبه هه‌وڵ ده‌دا خه‌باتگێڕان و نیشتمانپه‌روه‌رانی کوردی ڕۆژهه‌ڵات به‌ده‌وری ئامانج و رێبازێکی ڕوون و له سازوکارێکی مونسهجیمدا ڕێک بخا، به‌ڵام ئێمه ئازادیی بیرکردنه‌وه له ئه‌ندامه‌كانمان ناستێنینهوه، کۆیله‌ی فیکری په‌روه‌رده ناکه‌ین، دژی دهمارگرژیین، حیزب وه‌ك سه‌ربازخانه‌یه‌ک ئیداره ناکه‌ین، هه‌ڵگری دنیایه‌ک زه‌رفییه‌تی سیاسی و رێکخراوه‌یین. پشت‌قایم به‌و خیسله‌ته‌ی حیزبه‌كه‌مان پێم خۆشه بڵێم بێگومان چاوه‌ڕوانیمان له ئێوه‌ش ئه‌وه‌یه که له‌و کات و ساته‌دا که به‌تایبه‌تی پاش ئه‌و مووشه‌کبارانه هه‌موو سه‌رنجه‌کان له‌سه‌ر حیزبی دێموکڕاتی کوردستانن، بۆ خۆتان و ڕهفیقهکانتان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی دوای ئێوه دێن بۆ پێشمه‌رگایه‌تی، نموونه‌ی نه‌زم و تێکۆشانی شێلگیرانه له چوارچێوه‌ی به‌رنامه خه‌باتگێڕییه‌كانی حیزب‌دا بن. به‌ڵام هه‌ر له‌و کاته‌دا ده‌بێ له‌بیرتان بێ که ئه‌گه‌ر هه‌موومان به‌سه‌ریه‌كه‌وه حیزبێک پێک دێنین، هه‌ر کامه‌شمان له شوێنی خۆی و له جێگه و پێگه‌ی خۆیه‌وه ده‌توانێ بۆ کاری به‌کۆمه‌ڵی میلله‌ته‌که‌مان کارساز و شوێندانه‌ر بێ، چونکه به هه‌موو سیستم و قه‌واره‌یه‌كه‌وه که کۆمه‌ڵگەیه‌ک یا پێکهاته‌یه‌ک ده‌توانێ هه‌یبێ، کۆمه‌ڵگە و پێکهاته‌کان له ئاخیریدا شتێک نین جگه له ڕه‌نگدانه‌وه‌ی کۆی تاکه‌کان، له جه‌هانبینی و به‌هاکانیان، له نیاز و ئاره‌زووه‌کانیان، له مه‌نێش و ڕه‌فتاریان.
بۆ ده‌رمانی ئه‌و ده‌رده بنه‌ڕه‌تییه‌ش که باسم کرد واته ده‌ردی دابه‌شبوون، نایه‌كگرتوویی، یه‌كتر قبووڵ نه‌کردن، مه‌زنیخوازی، تاکڕه‌وی و تاکڕه‌هه‌ندی ده‌بێ بزانن هه‌موو لایه‌ک هه‌ڵگری به‌رپرسیارێتیی گه‌وره‌یه. ئیده‌ئال ئه‌وه‌یه کۆمه‌ڵگەی سیاسیی ئێمه له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به هه‌موو پێکهاته و جۆراوجۆریه‌كانیه‌وه به نه‌خشه‌ڕێگا و ئالیه‌تێكی هاوبه‌شه‌وه ڕووبه‌ڕووی زه‌رووره‌ته‌کانی ئێستا و ئاینده بێته‌وه، به‌تایبه‌تی له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا که کۆماری ئیسلامی به‌شێوه‌ی هه‌رگیز نه‌دیتراو گڵۆڵه‌ی که‌وتۆته لێژی. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شمان هه‌ر ئێستا بۆ ناکرێ، لانیکه‌م ده‌توانین له درز و دابه‌شبوونه‌كان که‌م بکه‌ینه‌وه و نه‌هێڵین ئه‌و درز و دابه‌شبوونانه ده‌رفه‌ته‌کانی ئاینده له‌بار به‌رن. به‌شێکی ئه‌و درز و دابه‌شبوونانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕوانینمان بۆ شێوه‌کانی خه‌بات و ڕابردووی خۆمان و ته‌نانه‌ت جێگه و پێگه‌ی پێشمه‌رگه. ئێمه به‌ده‌ر له‌وه که لایه‌نه‌کانی دیکه چۆن ده‌جوڵێنه‌وه، ده‌بێ هه‌میشه حازر بین بۆ سالم‌سازیی کایه‌ی سیاسیی کوردی ڕۆژهه‌ڵات و یه‌كخستنی ڕیزه‌کانی گه‌له‌که‌مان خۆمان ئه‌رکدار بکه‌ین. بۆ نموونه بۆچوونمان له‌باره‌ی ئاقار و تاکتیکهكانی ڕابردوو و ئه‌مڕۆ و ئایندهی خه‌بات هه‌رچییه‌ک بێ، دروست وایه له‌و پرۆسه‌ی به‌خۆداچوونه‌وه و ڕه‌خنه لهخۆگرتنهدا که بێگومان پێویسته (به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و به‌شه که پێوه‌ندیی به نێوان ناخۆشی و گرژی و نایه‌كگرتوویی هێزه‌کانی کورد یان که‌مته‌رخه‌می له نوێبوونه‌وه و گونجان له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می نوێ هه‌یه)، هه‌رگیز نابێ شکۆ و شه‌وکه‌تی میلله‌ته‌که‌مان و رابردووی ئه‌و میلله‌ته بشکێنین؛ قه‌ت نابێ فیداکاری و قوربانیدانی گه‌لێک ببه‌ینه ژێر پرسیار که جگه له هه‌ڵبژاردن له نێوان ته‌سلیمبوون و خۆڕاگریی پێشمه‌رگه‌كان بژارێکی دیکه‌یان بۆ نه‌هێشتبۆوه؛ تێبینیمان له‌سه‌ر به‌کاربردنی شێوه‌یه‌کی خه‌بات بۆ نموونه خه‌باتی چه‌کداری له قۆناغێکدا هه‌رچی بێ، هه‌ر حه‌ره‌که‌تێک که شه‌هید ده‌دا (جا هی خۆمان بێ یا هی لایه‌نی دیکه) پێویسته به ئیحترامه‌وه ناوی بێنین؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه که ده‌بێ پشتیوانی به‌كرده‌وه‌ی به‌ستێنی مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌ریی خه‌بات بین و شه‌خسیه‌ت و متمانه به چالاکانی نێوخۆ ببه‌خشین، نابێ لێگه‌ڕێین خیسڵه‌تی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌باتی ئێمه به فه‌ڕزیه‌ی بێجێی ئیحتمالی ئاڵوگۆڕ له ماهییه‌ت و ڕه‌فتاری کۆماری ئیسلامی‌دا خه‌وشدار بێ، ڕێژیمێک که تازه‌ترین زمان که فێری بووه و قسه‌شی پێ ده‌کا، زمانی مووشه‌که.
ئه‌وانه که لێره‌دا ده‌ڵێم له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که هه‌روه‌ک ئه‌و ڕۆژه عه‌رزم کردن ئێوه هه‌ر له ڕه‌هه‌نده نیزامییهكهیدا پێشمه‌رگه نین. جیا له‌وه که ئه‌رک و ڕیساله‌تی پێشمه‌رگه زۆر له کاری چه‌کدارانه فراوانتره، وه‌ک پێشمه‌رگه له حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا پێشمه‌رگه‌ی خه‌باتێکی فره‌ڕه‌هه‌ندیشن. ئه‌وه‌ش ده‌خوازێ که ئه‌وه‌نده‌ی کڵاشینکۆفهکانتان حازر و له‌سه‌ر پێن، ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌قڵیه‌ت و ڕوانین و کار و کرده‌وه‌تان یارمه‌تیده‌ری ده‌کارخستن و یه‌كخستنی هه‌موو زه‌رفیه‌ته‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای ڕۆژهه‌ڵات بێ.
له کۆتاییدا وێڕای پیرۆزبایی دووباره، سوپاسی سه‌رنجتان ده‌که‌م و به هیوای سه‌رکه‌وتن.