ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاویی، بۆ دووهەمین ڕۆژ، مانگرتن لە چەند شوێنێکی تاران و بەشێک لە شارەکانی دیکەی ئێران بەردەوام بوو. لە گەڵ ئەوەی کە هێزە سەرکوتکەر و هیزەکانی ئیتلاعات، بۆ پێشگرتن لە مانگرتنی خەڵک، زۆر بەتووندی دەیانویست کۆنتڕۆلی شارەکان بکەن، بەڵام خەڵک دریژەیان بە مانگرتنەکەیان دا.
لە “تاران” بازاڕی فەڕش فرۆشەکان و کەلوپەلی ناوماڵ، لە “ئیسفەهان” بازاڕی فەڕشفرۆشی و پیشەی دەستی، لە “مەشهەد” بازاڕی “سەرشوور”، لە “تەورێز” شەقامی “تەربیەت” و بازاڕی پووشاک و هەروەها چەند بەشێک لە بازاڕی “کرمان، ڕوودسەر، بابل” و چەند شارێکی دیکە ، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە گرانیی و نەبوونی و قەیرانی ئابووریی وڵات، مانگرتن بەشێوەیەکی بەربڵاو درێژەی هەبوو و دووکان و بازاڕەکانیان داخستبوو.
شایانی باسە کە مانگرتنی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە ڕۆژی ١٦ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوووە بەشێوەیەکی بەربڵاو دەستیپێکردووە و، لە گەڵ ئەوەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕێگای هێزە سەرکوتکەر و مێدیاکانیەوە، دەیەوێ پێش لە ناڕەزایەتییەکان بگرێ یا سەرپۆشیان لەسەردانێ، بەڵام گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران، لە دەست نەبوونی و گرانی و بێکاری و سەرکوتی نووسەران و ئازادیخوازان ڕۆژبەڕۆژ پەرە بە دەربڕینی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان و مانگرتن دەدەن