مەسعوود کازمی هەواڵنێری پێشووی رۆژنامەی شەرق ، بەرەبەیانیی رۆژی ١٤ی خەزەڵوەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵی خۆی دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆڕتی کەمپەینی داکۆکیکردن لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنی، رۆژی ١٤ی خەزەڵوەری ٩٧ی هەتاوی، رۆژنامەنووسێکی دیکە بەناوی مەسعوود کازمی هەواڵنێری پێشووی رۆژنامەی شەرق و بەرپرسی مانگنامەی دەنگی پارسی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوەو لە شوێنی ڕاگرتنی تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نیە.
نۆشین سارمی دەزگیرانی ناوبراو وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند؛ مەئموورانی ئەمنییەتی هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی مەسعوود کازمی ، کەلوپەلی کەسێنی ناوبراویان، وەکوو مۆبایل و لەبتاپ و کۆمپیوتەرەکەیان لەگەڵ خۆیان بردوەو لە شوێنی ڕاگرتن و هۆکاری دەسبەسەرکرانی بێخەبەرین.
جێیئاماژەیە چەند حەوتەیەکە کوشتن و ڕفاندن و دەسبەسەرکردنی رۆژنامەنووسان و کەسانی ڕەخنەگر لە ئێران دەستی پێکردەوە، بەرچاوترین کوشتنی دڵتەزێنی دوکتور فەرشید هەکی بوو لە بەردەم ماڵەکەی خۆی و، هەروەها دەسبەسەرکردنی هاشم خواستارو چەند کەسی دیکەی چالاک و ڕەخنەگری ڕێژیم.
ڕێکخراوی فەرانسەویی هەواڵنێرانی بێسنوور دەڵێ: ئێران تاوەکوو ئێستاش یەکێک لە پێنج گەورە زیندانە لە ئاستی جیهان، بۆ چالاکان و میدیاکاران و رۆژنامەنووسان و کەسانی جیابیر.
بەپێی دوایین ڕاپۆڕتی ئەو ڕێکخراوەیە ، وڵاتی ئێران لە نێوان ١٨٠ وڵاتی جیهان لە بارەی ئازادی ڕادەربڕینەوە لە ڕیزی ١٦٥مین وڵات دایە.