ئەنجومەنی پاژینی بانە لە درێژەی چالاکییە مەدەنی و فەرهەنگییەکانی خۆی لە شاری بانە، خولێکی پەروەردەیی تایبەت بە ” خەسارە کۆمەڵایەتییەکان” لە چوارچێوەی” منداڵ و بنەماڵە” بۆ دووکەس لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە بە ناوەکانی” مێهری بەرهوون ” و فرمێسک زاهیدی” شارەزا لە بواری خەسارو کێشەکانی نێو کۆمەڵگا بەڕێوەبرد.
لەو خولە زانستییەدا هەردوو کۆڕگێڕ لە گۆشەنیگای جیاجیاوە باسە گرینگەکانی تایبەت بە پەروەردەو ڕاهێنانی منداڵان و ئەرکی دایک و باوک و بە گشتی بنەماڵە”یان لەو بارەوە خستەبەرباس و، بە ئاماژەدان بە خەسارە کۆمەڵایەتییەکان، بنەماڵەکانیان ئاگادار کردەوە کە دەبێ وردتر و زیاتر و بەشێوەی زانستی گرینگی بە بەشی پەروەردەی منداڵان بدەن و فێریان بکەن کە چۆن لەگەڵ کۆمەڵگە هەڵسوکەوتیان هەبێ، هەتا منداڵانیان نەبنە قوربانی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان .
پێوەندی نێوان “منداڵان و بنەماڵە” وەکوو نموونەیەکی سەرەکی وچووککراوەی کۆمەڵگا بە گشتی و، شێوە هەڵسوکەوتی باوک ودایکان لەگەڵ منداڵان بەشی بەرچاوی ئەو خولە زانستییە بوو کە لەسەر دەستی ئەنجومەنی پاژینی بانە بۆ بەشێک لە بنەماڵەکان و لاوان، بەرێوەچوو.
شیاو ی باسە ئەنجومەنی پاژینی بانە، لە ئەنجومەنە ژینگەپارێزو مەدەنییەکانی کوردستانە، کە چەندین ساڵە لە بواری فەرهەنگی و مەدەنی خەریکی چالاکییەو، لەبواری ژینگەپارێزییەوە لە کوردستان ناوێکی ناسراو و ئاشنایە.