“برایان هۆک” نوێنەریی تایبەتیی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران ، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەزەڵوەر، لە وتووێژێکدا لە گەڵ “ئەلعەڕەبییە” ڕایگەیاند کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەیە بۆسەر ئاشتی و ئارامیی لە جیهاندا و بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە گەڵاڵەیەکمان بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ هەوڵە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە لەبەردەستدایە.
هەر لەوبارەوە ئاشکرایکرد کە ئێران وێڕای هەوڵی “ناوکی”، هەڕەشە لە ئاشتی و ئارامیی جیهان دەکا، لە سازکردنی مووشەکە بالیستیکیەکانی بەردەوامە، لە هێرشی سایبێری بەردەوامە و پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکا. لەو پێوەندیەدا ئێمە گەڵاڵەیەکی هەمەلایەنەمان بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ڕێژیم لەبەر دەستدایە. گەمارۆکانی سەر ئێران بەردەوام و بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە ڕێکاری دیکە دەگرینەبەر.
“برایان هوک” لەبارەی دەورلێدانی گەمارۆکان، پێداگریی لەسەر ئەوەکردەوە کە گەمارۆکان ئێران وهەموو ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە هاوکاریی ئێران دەکەن.
ئێمە دەزانین کە دەوڵەتی ئێران دەیهەوی گەمارۆکان دەورلێبداتەوە بەڵام لەو هەلومەرجەدا ئێمە گەمارۆکانمان دژی ئێران و ئەو وڵاتانە چڕتر دەکەینەوە کە هاوکاریی لەگەڵ دەکەن.
نوێنەری دەوڵەتی ئەمریکا باسی لە هاوکاریی و هاوئاهەنگی کرد لە گەڵ وڵاتانی “عەڕەبستانی سەعوودی و ئیمارات” و لەبارەی نرخی نەوت و گەمارۆ تازەکان بە دژی کۆماریی ئیسلامیی ئێران.