ئیسحاق جیهانگیری ، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران رۆژی سێشەممە ١٥ی خەزەڵوەر، رۆژێک دوای دەسپێکی چڕترین سزاکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران ، لە کۆبوونەوەیەکدا ڕایگەیاند؛ ناتوانین بە درۆ بڵێین گەمارۆکان کاریگەریی خراپی دانەناوە ، بەڵکوو دەبێ لە خەسارەکانی کەم بکەینەوە”
بە گوتەی جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار، بە لە بەرچاو گرتنی دۆخی خراپی ئابووری ئێران دەبێ بە جۆرێک هەنگاو هەڵێنین کە گەمارۆکان کەمترین کاریگەرییان بەسەر ئابووریی وڵات هەبێ”
بە گوتەی شارەزایان قسەکانی جیهانگیری مەبەستی دەوردانەوەی گەمارۆکان بوو کە رۆژی ڕابردووش رۆحانی بە ئاشکرا باسی لەوە کرد کە هەوڵدەدەن گەمارۆکان دەوربدەنەوە.
جیهانگیری لەو کۆبوونەوەیەدا لە پێوەندی لە گەڵ خولی دوویەمی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران و هەلومەرجی ئابووری و گرفتەکانی بەردەم رێژیم لەو بارەوە گوتی: لەم دۆخەدا پێویستە ئێمە لە گەڵ خەڵک روو ڕاست بین”
قسەکانی جیهانگیری لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی دیکە رێژیم، وەکوو ڕێبەی باڵای نیزام و سەرۆککۆمار دەڵێین :گەمارۆکان شتێکی نوێ نین و کاریگەرییان نیە”
جیهانگیری لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: دەبێ هێندێک لە راستییەکان بشاردرێتەوە لەخەڵک، هێندێکیشی باس بکرێن.
جێیوەبیرهێنانەوەیە رۆژی دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەر مایک پەمپیئۆ و ستیڤێن مێنوچین . وەزیرانی دەرەوەو خەزێنەداری ئامریکا، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا پرسی گەڕاندنەوەی گەمارۆکانیان بۆ سەر ئێران شی کردەوە، کە ئەمجارە ٧٠٠ کەس و لایەنی (حقیقی وحقووقی) ئێران ، لە لایەن ئامریکاوە گەمارۆیان خراوەتە سەر.
لە خولی دوویەمی گەمارۆکان جیا لە ئاژانسی ئەتۆمیی ئێران و ٢٣ بنکەی پێوەندیدار، ٥٠ بانک و ناوەندی ماڵی و کەرتی پاپۆڕەوانی و فڕۆکەوانی چوونەتە نێو لیستی ڕەشی گەمارۆکانەوە.
بەربڵاوی ئەم خولە لە گەمارۆکان لە ئاستێكدایە کە “فەراهانی” نوێنەری شاری قوم لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامی وەدەنگ هات و ڕایگەیاند: زۆربەی کەس و لایەنی چالاک لە دەورلێدانی گەمارۆکان، ئەمجارە گەمارۆیان لەسەرە، پرسیار ئەمەیە کە ئەو هەموو زانیارییە کێ بە ئامریکای داوە؟ دەبێ ناوەندە ئەمنییەکان بۆ ئەو بابەتە بەدواداچوونەوە بکەن. ”
سەرەڕای کەتمان کردن و نەگوتنی ڕاستییەکان لە لایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە، بە هۆی گەمارۆکانی ئامریکاوە پێشبینی ئەوە دەکرێ دابەزینی ڕادەی هەڵێجنانی نەوت و هەناردەکردنی ، کەمکردنی پێوەندییە بازەڕگانییەکان و تێکچوونی سیستەمی هێنان و گەیاندنی ئێران، لە بەرچاوترین رووداوەکانی چەند مانگی داهاتوو بێ.