دوای ئاشکرابوون و پووچەڵکرانەوەی نوێترین هەوڵی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی دانمارک لە ٨ی خەزەڵوەر، وڵاتانی سکاندیناوی هاوڕان لەسەر ئەوەی بەرەنگاری جموجۆڵە تیرۆریستیانەی کۆماری ئیسلامی ببنەوە و، هەر بۆ ئەو مەبەستەش دەوڵەتی نوروێژ بڕیاری داوە زیاتر رووبەڕووی دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی، لەو وڵاتە ببێتەوە.
لە تازەترین هەواڵەکان لە پێوەندی لە گەڵ نوێترین هەوڵی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی لە ئورووپا، باس لەوە دەکرێ کە تیرۆریستی دەسبەسەرکراو لە لیباسی دیپلۆمات لە وڵاتانی سکاندیناوی ڕێکخەر و بەڕێوەبەری ڕێوڕەسم و مەراسمەکەکانی تایبەت بە کۆماری ئیسلامی بووەو ساڵی ڕابردووش لە یەکێک لە هوڵە گرینگەکانی نوروێژ ڕێوڕەسمی ٣٩ ساڵەی هاتنە سەرکاری رێژیمی کۆماری ئیسلامی بەڕێوەچووە.
دوای دەسبەسەرکرانی ئەو تیرۆریستە دەوڵەتی نوروێژ لە هەوڵدایە کە هەموو ڕایەڵەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەی ئاشکرا بکات و، بەوردی باڵیۆزخانەی ئێران دەخاتە ژێر چاودێرییەوە.
هەروەها دەوڵەتی نوروێژ ڕایگەیاند کە ئاگاداری ئەوە نەبووە ساڵی ڕابردوو جێژنی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لەو شوێنە گرینگە بەڕێوەچووەو بۆ دووپات نەبوونەوەی وەها هەڵەیەک، بەکرێدان و بەڕێوەچوونی هەرچەشنە رێوڕەسمێک لەو سالۆنە مێژووییە پێویستی بە ئیجازەی فەرمیی دەوڵەت و، وەزارەتی بەرگریی نوروێژە.