بە مەبەستی تاوتوێکردنی “دۆخی کوردستان لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەبوونی یەکیەتییەکی نەتەوەیی” دیبێتێک لە ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەری١٣٩٧ لە شاری ڕانیە، لەلایەن کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پێکهات.
لەم دیبەیتەدا هاوڕێ سمایل بازیار کادری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و پسپۆڕ لەبواری مێژوو و سیاسەتی هاوچەرخی کورد لە گەڵ سێ کەسی دیکە بە ناوەکانی “هاوژین ئەمین” مامۆستای زانکۆ لە باشووری کوردستان ، “موزەین گوونیش” بەرپرسی “هەدەپە” لە باشووری کوردستان، “سلێمان ئاڕەپ” بەرپرسی ڕێڤەبەریی ڕۆژاوا لە باشووری کوردستان ئەو پرسەیان تاوتوێکرد.
سمایل بازیار لە قسەکانیدا، کە هەڵسەنگاندنی دۆخی خەبات و تێکۆشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، ئاماژەی بەوە کرد: “نێوەرۆکی خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەد ساڵی ڕابردوودا خەباتی شووناسخوازی بووە و ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردی لەو بەشەی کوردستان لەو ماوەیەدا بە شێوازی جۆراوجۆر بیر و هەست و هەڵوێستی خۆیان دەربڕیوە تا شووناسی نەتەوەیی خۆیان بسەلمێنن تا بە ئامانجێکی سیاسی بگەن.
بازیار لە درێژەی قسەکانیدا ڕەهەندەکانی خەباتی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستانی بۆ بەشداربووان شی کردەوە بۆ شێوازی جۆراوجۆر و فرە ڕەهەند خەباتی چەکدارانە، خەباتی مەدەنی، مانگرتن و خۆپێشاندان و بەرزڕاگرتنی بۆنە نەتەوەییەکان لە ڕێگەی ئەدەبیاتەوە بە نووسینی شێعر، ڕۆمان، شانۆ و پۆشینی جلوبەرگی بە نموونە هێنایەوە.
سمایل بازیار لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا، کە هەڵوێستی ناسیۆنالیزمیی ئێرانی بەرامبەر بە پرسی نەتەوەیی، ڕوانینێکی تەواو ئەمنییەتی بووە و وەک پرسێکی سیاسی و وەک واقعێکی حاشاهەڵنەگری کۆمەڵگە سەیری نەکردووە و هەر بۆیەش بە جیددی لە ڕێگەی دیالۆگ و ئاشتیخوازانەوە بۆ چارەسەریی هەنگاو نەناوە. بەڵکوو لە ڕێگەی هێرشی نیزامی، میلیتاریزەکردن، تیرۆر، ئێعدام، زیندان و دوور خستنەوە ویستوویەتی کۆتایی بەم پرسە بێنێ و نموونەی بۆ هەرکام لەو شێوازانە هێناوە کە لەلایەن سێ دەسەڵاتی ناوەندی لە ئێران لە سەدساڵی ڕابردوودا بەرامبەر بە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکار هێنراوە.
بازیار لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە مووشەکبارانی قەڵای دێموکڕات کرد کە لە ئەنجامیدا دەیان تێکۆشەری کورد شەهید و بریندار بوون و وەڵامی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەم هێرشکارییەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە ڕووداوێکی بێوێنە لە مێژووی چل ساڵ ڕابردووی تێکۆشانی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان ناوبرد و هەڵوێستێک کە سەلماندی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان هیج جێگەو پێگەیەکی نییە و داگیرکەر و بێگانەیە.