لە دەستپێکی خولی دوویەمی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران کە رۆژی دووشەممە ١٤ خەزەڵوەڕ ڕاگەێندرا، بەرپرسانی هەر دوو وڵاتی ئامریکا و ئێران باس لە کاریگەرییەکانی دەکەن.
رۆژی ڕابردوو حەسەن روحانی لە قسەکانی کە تووڕەیی پێوەدیار بوو، وێڕای هێرش کردن بۆ سەر کۆشکی سپی و دەوڵەتی تڕامپ، ڕایگەیاند؛ کە گەمارۆکان ناتوانن کاریگەریی هەبێ و لە لایەک دیکەش بە شێوەی ناڕاستەوخۆ نەرمی نواندنی بەرانبەر بە ئامریکا پێوە دیار بوو.
هەر وەها وەزیری دەرەوەی ئێران، محەممەد جەواد زەریف، لە یەکەم رۆژی گەڕاندنەوەی کۆی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران ناراستەوخۆ داوای وتووێژی لە گەڵ ئامریکا کردوە، ئەوەش لە کاتێکدایە رێبەری باڵای رێژیم رۆژی یەکشەممە ١٣ی خەزەڵوەر بۆجارێکی دیکە هەرچەشنە دانوستانی لەگەڵ ئامریکا ڕەت کردەوە.
رۆژی ڕابردوو، وەزیری دەرەوەی ئامریکا مایک پەمپیئۆ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند؛ یەکێک لە مەبەستەکانی گوشار خستن سەر دەوڵەتی تاران، وشکاندنی بەشی ماڵی و دارایی گرووپە تیرۆریستییەکانە لە ناوچە کە بەشی هەرەزۆری ئێران دابینی دەکا.
پەمپیئۆ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: دەوری دوویەمی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران ،پێش لە یارمەتی دارایی و ماڵیی ئێران دەگرێت بۆ گرووپەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و خەوسییەکانی یەمەن.
هەروەها لە وتووێژ لە گەڵ تلەویزیۆنی) CBS) ڕایگەیاند؛ گەمارۆنوێیەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران ، ئەو وڵاتە ناچار دەکات پشتیوانی ماڵی و دارایی لە گرووپە تیرۆریستیەکان نەکا و واز لە تیرۆر کردن بهێنێ کە تازەترین نموونەی هەوڵی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دانمارک بوو کە پووچەڵکرایەوە.
ستیڤێن مێنوچین وەزیری خەزێنەداری ئامریکا هۆکاری گەمارۆکانی بۆ گۆڕینی ڕەفتاری رێبەری رێژیم و سپای پاسداران گەڕاندەوە و لەو پێوەندییەدا گوتی: مەبەست لە چڕترکردنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، گۆڕینی رەفتار و هەڵوێستەکانی خامنەیی ڕێبەری باڵای رێژیمی ئێران و سپای پاسدارانە.
ستیڤن مێنوچین بە رۆژنامەی ” فایننشال تایمز”ی راگەیاند؛ گەمارۆکانی ئامریکا ئێران ناچار دەکا، مل بداتە ڕێککەوتنێکی نوێی ناوکی، کە لە داهاتوودا بە قازانجی جیهان دەبێت ئەو ڕێککەوتنە.
هەر لە پێوندیی لە گەڵ دەسپێکی خولی دوویەمی سزاکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران، برایان هووک نوێنەری تایبەتی دەوڵەتی تڕامپ بۆ کاروباری ئێران، رۆژی دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند؛ لە کاتی کشانەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی “بەرجام” وڵاتی ئێران تا ئێستا دوو میلیارد دۆلار خەساری لێکەوتووە.