دووشەممە 14ی خەزەڵوەری 1397ی هەتاوی قۆناغی دوویەمی سزاکانی ئەمریكا لەسەر ئێران دەستی پێکرد كە كەرتی نەوت و بانكەكانی ئێرانی گرتەوە.
واشنگتۆن بەشێوەیەكی كاتی رێگە بە هەشت وڵات دەدات درێژە بە مامەڵە نەوتییەكانی خۆیان لەگەڵ ئێران بدەن، هەتا ئەو كاتەی دەتوانن سەرچاوەیەكی دیكەی دابینكردنی نەوتی خاو بدۆزنەوە.
مایك پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە تاكە هۆكاری ئەو بڕیارە نوێیە ئەوەیە ئەو هەشت وڵاتە لە رابردوودا سەلماندوویانە كە هەناردەی نەوتیان لە ئێران كەمكردۆتەوە، بەڵام دوو لەو وڵاتانە دەبێ لە ماوەی “چەند هەفتەی داهاتوودا” كڕینی نەوت لە ئێرانەوە رابگرن، لە كاتێكدا وڵاتەكانی دیكە لە كۆتایی شەش مانگی داهاتوودا دەبێ كڕینی نەوت لە ئێرانیان وەستاندبێ.
بەپێی سزاكان هەر وڵاتێك نەوت لە ئێران بكڕێ سزا دەدرێ، مەگەر ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وەكو حاڵەتی دەگمەن رێگەی بازرگانیی نەوتی پێ دابێت. وەزارەتی دەرەوە و بازرگانیی ئەمریكا ناوی ئەو هەشت وڵاتەیان ئاشكرا نەكردووە كە بەشێوەیەكی كاتی لە سزاكان بەدەر كراون، بەڵام ژمارەیەك راوێژكاری حكومەت بە میدیای ئەمریكاییان راگەیاندووە كە چین، هیندوستان، توركیە، كۆرەی باشوور، ژاپۆن، ئیماراتی عەرەبی، تایوان دەكرێ لەو وڵاتانە بن كە كاتیان پێدراوە.
چین، هیندوستان، كۆرەی باشوور و ژاپۆن لە نێوان گەورەترین هاوردەكارانی نەوتی ئێرانن.
بەپێی داتاكانی ئاژانسی بلومبێرگ، چین، هیندوستان و كۆریەی باشوور لە مانگی 6 ی 2017 تاوەكو ئێستا رۆژانە نزیكەی یەك میلیۆن و 350 هەزار بەرمیل نەوتیان لە ئێران هاوردە كردووە.
رۆژی دوای دەستپێكردنی قۆناغی دوویەمی سزا ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران، هەڵبژاردنی كۆنگرێسی ئەمریكا بەڕێوەدەچێت كە تێیدا نرخی سووتەمەنی دەتوانێ كاریگەرییەكی بەرچاو لەسەر دەنگی خەڵك دابنێ. پۆمپێئۆ بە كەناڵی (فۆكس نیوز)ی راگەیاند “ئامانجمان ئەوەیە هەناردەی نەوتی خاوی ئێران بگەیەنینە سفر. بەڵام ئەمە چەند مانگێكی دەوێ”.
جەختی لەوەش كردەوە كە تاوەكو ئێستا توانیومانە بە شێوازێك ئەمە بكەین كە كاریگەرییەكی گەورە لەسەر نرخەكانی نەوت دانەنێ، ئەمەش بۆ بەكارهێنەرە ئەمریكییەكان شتێكی باشە”.
پێشتر چاوەڕێ دەكرا سعوودیە و رووسیە ئەو بۆشاییە پڕبكەنەوە كە لە بازاڕی نەوتدا بەهۆی سزاكانی سەر كەرتی نەوتی ئێرانەوە دروست دەبێ، بەڵام بڕیارەكەی ئەمریكا ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو دوو وڵاتە لە داهاتوویەكی نزیكدا ناتوانن هەموو ئەو بەرپرسیارێتییە بگرنە ئەستۆ.
“ستیڤن مێنوچین” لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانی رۆژی هەینیدا ئاماژەی بۆ ئەوە دا، كە لە چوارچێوەی قۆناغی دوویەمی سزاكاندا 700 بانك، كۆمپانیا و تاكەكەسی ئێران دەخرێنە نێو لیستی رەشەوە، هەندێك لە ناوەند و كەسایەتییانە پێشتر لە چوارچێوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ڤیەندا ناویان لە سزاكان لادرابوو. هەندێك لە بانكە ئێرانییەكان بەهۆی پەیوەندییان بە حكومەتەوە و هەندێكی دیكەیان لەبەر پەیوەندییان بە “گرووپە تیرۆریستییەكان” و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و پرۆگرامی دروستكردن یان بازرگانیكردن بە چەكەوە دەخرێنە لیستی سزاكانەوە.