هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شارەکانی کوردستان دەیان کەسیان لە چالاکانی “ڕێبازی سوننە” دەسبەسەرکردووە و تا ئێستا لە مەڕ هۆی دەسبەسەرکرانی ئەو کەسانە هیچ هەواڵ و ڕاپۆرتێک بڵاو نەکراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، بە وتەی بەرپرسانی “مەکتەبی قورئان”، زۆرترین دەسبەسەرکراوان خەڵکی شارەکانی “مەهاباد، “بۆکان و سەردەشت” ن کە تا ئێستا ناوی ١٤ کەسیان ئاشکرا بووە.
جێی ئاماژەیە کە ڕۆژی سێشەممە ٨ی خەزەڵوەر “دوکتۆر هیوا حەفیدی” خەڵکی “مەهاباد” و مامۆستای پێشووی زانستگەی “قەزوین” لە لایەن هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە دەسبەسەرکراوە.
هێزەکانی سەر بە ئیتلاعات لە گوندی “قزڵقۆپی”، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی و لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا ئەزیەت و ئازاریان داوە و دوای دەسبەسەرکرانی بۆ شوێنیکی نادیار ڕاگویزراوە کە تا ئێستا لە سەر چارەنووسی ناوبراو هیچ هەواڵێک لەبەردەستدا نییە.
“دوکتۆر هیوا حەفیدی” خاوەنی بڕوانامەی دوکتۆرای ئەدەبیاتی زمانی عەڕەبی و مامۆستای زانستگەی “قەزوین”،ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویی لە ژێر زەختی ناوەندەکانی ئیتلاعات لە کارەکەی دەرکرا و هەر چەشنە چالاکیەکی فەرهەنگی و وانەبێژیی بە شێوەی ڕەسمی لێ قەدەغەکرا.
شایانی باسە کە هەر لەمڕۆژانەدا ٣٠ شارۆمەندی کورد لە شارەکانی سەردەشت و مەهاباد و بۆکان و سەقز، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەرکراون.
“مەکتەبی قورئان” لە کوردستان وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە ، ناوی بەشێک لە دەسبەسەرکراوانی بڵاوکردەوە کە بریتین لە: “ڕەحمەت نسوحی، ئەحمەد ئیلاهی، ئاوارە قەیتەرانی، سادق حوسێن پەری، سەددیق ڕەحمان زادە، حیسام محەممەدی، محەممەد ئاڕمان، خدر ئختتار، نیزام کەچکار، ئیبڕاهیم تیزوەر، هادی مکانیک، ئیبڕاهیم کاشیکار و شاڕوخ تیزوەر.
جێی ئاماژەیە کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دەیان کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد بە تۆمەتی هاوکاریی لە گەڵ حیزبە کوردستانییەکان دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەکان کراون.