حەسەن رۆحانی، سەرکۆماری ئێران لە وەڵامی سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر وڵاتەکەیدا چەند پەیامێکی تووندی ئاڕاستەی کۆشکی سپی کردو بە “رەگەز پەرست، ئابڕووچوو و شکستخواردوو” ناویبردن.
ئەمڕۆ دووشەممە١٤ی خەزەڵوەر، ئەمریکا سزاکانی سەر ئێرانی گەڕاندەوە، بەڵام رۆحانی دڵنیایی رایگەیاند: کە ئەمریکا شکست دەهێنێ و دیسانەکە بە ناو هێنان لە خەڵک لەو بارەوە کرووزایەوە.
سەرکۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند: “هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ئورووپا بەمنیان گوتووە دەیانەوێ ئەم خولەی کۆشکی سپی کورت بێت و ئێستا ئەمریکا لە هەموو کات زیاتر گۆشەگیر بووە”.
ئەم قسانەی ڕووحانی لە کاتێک دایە بە هۆی گەڕانەوەی دەوری یەکەمی گەمارۆکانەوە باری ئابووریی ئێران بە تەواوی تووشی داڕمان بووە و هەڵاوسان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتووە و بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان بە ڕادەیەکی پێوانەیی لە مێژووی ئەو وڵاتەدا دابەزیوە و لەلایەکی دیکەشەوە بۆتە هۆکاری دەمبەدەمەو لێکهەڵبەزینەوەی باڵەکانی نێو ڕێژیم و نوێنەرانی مەجلیس کە یەکتر لەسەر ئەم کێشانە تاوانبار دەکەن.
هەروەها ئەم گەمارۆیانە بۆتە هۆکاری چێ بوونی کێشەگەلێکی زۆری کۆمەڵایەتیی وەکوو خۆکوژی و بێکاری و تەڵاق. بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیان بەردەوام چەواشەکاری دەکەن و بە ڕای گشتی ڕادەگەیەنن کە دەستێکی دەرەکی لە پشت کێشەکانەوەیە.