خاتوو مریەم قازی یەکێکی دیکە لە بەهرەمەندانی بنەماڵەی قازییەکانی مەهاباد بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە دنیای ئەدەب و نووسین کرد.
مریەم قازی چیرۆکنووس و ڕەخنەگر و چالاکی بواری مافی ژنان، رۆژی دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەر بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد و، دڵی لایەنگرانی ئەدەب و قەڵەمی کوردی تاساند.
ئەو خاتوونە لێهاتوویە چەندین ساڵ لە شاری مەهاباد یەکێک لە چالاکانی بواری فەرهەنگ و ئەدەب بووەو هاوکات لە گەڵ نووسینی چیرۆک و بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی ئەدەبی، یەکێک لە ژنانی هەڵسووڕی کۆمەڵگەی کوردستان بوو.
خاتوو مریەم قازی لە دایکبووی ساڵی 1342ی ھەتاوییە ، ھەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە لە قوتابخانەکانی مەهاباد ھۆگری نووسین بووە و نیوەڕاستی دەیەی ٦٠ی هەتاوی بە شێوەی جیدی درێژەی بە نووسین داوەو چەندین بەرهەمی جوانی بە یادگار بە جێهێشتووە.
ناوبراو بەشێک لە چیرۆکەکانی لە گۆڤارەکانی “سروە” و “مەهاباد” بڵاوکردوتەوە و، دوای کارەساتی حەڵەبجەش، بۆ ئەو خەمە نیشتمانییە ” چیرۆکی” پەڕژین”ی نووسیوە.
“ھاتنە ژوور قەدەغەیە” و “زیندە بەگۆڕ” دوو بەرهەمی دیکەی ئەو خاتوونەن کە چاپ و بڵاکراوەتەوە و ڕۆمانێکی دیکەشی بەناوی”ژیانم خۆش دەوێ”ی لەژێر چاپ دایە.
خاتوو مریەم قازی بۆ زۆربەی رۆژنامەو گۆڤارەکانی رۆژهەلاتی کوردستان و باشووری کوردستان بە هۆی نووسین و بابەتەکانی ناوێکی ئاشنایەو بە ژنێکی بوێر و ئازا لە گۆڕەپانی کوردایەتی ناسراوە.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەداخبوونی بۆ لە دەستدانی ئەو خاتوونە ئەدەبدۆست ونیشتماندۆستە، پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە کۆمەڵگەی قەڵەمبەدەستانی کورد و بەتایبەتی بنەماڵەی سەرفەراز و خۆشناوی قازییەکان دەکا و ، خۆی لە خەم و پەژارەیان بە بەشدار دەزانێ.