حکوومەتی عێراق لە سەر نارەزایەتیی دەربڕینی ئامریکا بەرانبەر بە دەستێوەردانەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق، باڵیۆزخانەی ئامریکا لۆمە دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی عێراق لە هەڵوێستێکی بێوێنەدا داوا لە سەفارەتی ئامریکا دەکات کە لێدوانێکی بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە لە سەر توئیتر کە گوایا باسی لە دەستێوەردانی ئێرانی لە کاروباری نێوخۆیی عێراقدا کردوە، بسڕدرێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەو ڕاگەیاندراوەیدا ڕوو بە باڵیۆزی ئامریکا لە عێراق، داوای کردوە کە چیدیکە حەز بەوەها هەڵوێستێکی ئامریکا ناکەن و، پێویستە لە وڵاتی میوان، یاسا و رێسا نێونەتەوەییەکان لەبەرچاو بگرن و داوای لێ کردوون ئەم بەیاننامەیە لە سەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بسڕنەوە.
ئەحمەد مەحجووب، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە پێوەندی لە گەڵ بەشێکی دیکە ئەم هەڵوێستەی ئامریکادا کە تایبەتە بە گەمارۆکانی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران، دەڵێ: ئەم هەڵوێستەی ئامریکا دژ بە بنەماکانی کاری دیپلۆماتی و رێزگرتن لە وڵاتان و پاراستنی حورمەتی یەکپارچەیی وڵاتانە.
لە بەشێک لە هەڵوێستەکەی ئامریکادا کە کارداریکی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، لە سەر لاپەڕەی خۆی تویتی کردوە ،هاتووە: ئەوەی ئێران لە عێراق دەیکا دەستێوەردان لەکاروباری ئەم وڵاتەیە و، ئێران دەبێ بە زووترین کات ئەو گرووپە شیعانەی کە لەو وڵاتەی سازکردوون، هەڵوەشێنێتەوە.
مایک پەمپئۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئامریکا لە بەهاری ڕابردوودا ١٢ شەرتی بۆ ئێران لە پێوەندی لەگەڵ دەستپێکردنەوەی وتووێژ لە نێوان هەردوو وڵاتدا داناوە، کە یەکیان ڕاستەوخۆ باس لە وازهێنانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە و یەک لەوان عێراق دەکا.
لە بەرانبەردا رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرجۆرە دەستێوەردانێکی لە وڵاتانی ناوچەکە ڕەت دەکاتەوە و، حزووری خۆی لە وڵاتانی سووریە و عێراق دەگەرێنێتەوە بۆ داوایەک کە دەوڵەتانی ئەم دوو وڵاتە لێی کردوون و هەروەها کاربەدەستانی ئێرانی ئیدیعای ئەوە دەکەن کە ئەوان لە ئاستی ڕاویژکارانی نیزامیدا حزووریان لەم وڵاتانەدا هەیە و باس لەوە دەکەن کە ئێران وەک هەر وڵاتێکی دیکەی دژ بە تێرۆریزم لەو چەند ساڵەدا لە دوو وڵاتە شەڕی داعشی کردوە.
ئەم ئیدیعایانەی ئێران لە کاتێک دایە کە کۆمەڵگەی جیهانیی و ناوەندە جیهانییەکان حزووری ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە بە سەرەکیترین هۆکاری ئاڵۆزی دەزانن و خەڵکی ئەو وڵاتانە و هێزە ئازادیخوازەکانی ئەو وڵاتانە بە هیچ شێوەیەک خوازیاری حزووری رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتەکەیانەدا نین.