ڕۆژێک بەر لە دەسپێکردنەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، “عەلی خامنەیی” ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشی توندی کردە سەر ئەمریکا و، سەرۆککۆماری ئەمریکا و بۆ جارێکی دیکە ڕەخنەی لەو کەسانە گرت کە خوازیاری وتووێژن لە گەڵ ئەمریکا و، ڕایگەیاند کە گەمارۆکانی “واشنگتۆن بۆ سەر ئێران تازە نین.
ڕۆژی شەممە ١٢ی خەزەڵوەر،ڕۆژێک بەرلە دەسپێکردنەوەی دەوری دوویەمی گەمارۆکان، “عەلی خامنەیی” بێ ئەوەی کە ڕاستەوخۆ ئیشارە بە گەمارۆکان بکا، ڕایگەیاند، “ئەوانەی پێیانوایە کە گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تازە دەسپێکراون، لەڕاستیدا کڵاویان لە سەر خۆیان ناوە”.
کاربەدەستانی دەوڵەتی ئەمریکا، لە بەرەبەری دەستپێکردنەوەی خولی نوێی گەمارۆکان دژی ئێران، بۆ جارێکیتر ئاماژەیان دا بە کردەوە خراپەکان و ڕەفتاری سەرەرۆییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە و جیهان.
“دۆنالد تڕامپ” سەرۆک کۆماری ئەمریکا، چەند کاتژمێرێک دواتر ڕایگەیاند کە “چڕترین گەمارۆکان دژی ئەو رێژیمە بێڕەحمە دەستپێدەکەن”. هەروەها دووپاتی کردەوە “کە ڕۆژێک دێ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەهۆش خۆیان بێنەوە و بۆ سازانیکی ڕاست و دروست بێنە سەر مێزی وتووێژ .
کاربەدەستانی هەردوو وڵاتی ئێران و ئامریکا یەکدی بە پاوانخوازیی لە ناوچەکە تاوانبار دەکەن.
دەوڵەتی تڕامپ دوای کشانەوەی لە ڕێککەوتنی لە “بەرجام” دەیهەوێ لە ڕێگای گەمارۆکانەوە کۆماری ئیسلامی ناچار بکا، بۆ گۆڕینی ڕەفتار و هاتنە نێو گرێبەستێکی دیکەوە.
ڕێبەر باڵای ڕێژیم رۆژی ڕابردوو سەرلەنوێ هەرچەشنە وتووێژی لەگەڵ ئامریکا بە قەدەغە زانی و ڕەخنەی لەو کەسانە گرت کە لە گەڵ ئەمریکا خوازیاریی سازانن و داوای کرد کە نەخشەی بێ بناغە نەکێشن”.
لەگەڵ ئەوەی کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵدەدەن وابنوێنن کە گەمارۆ تازەکانی ئەمریکا کاریگەریەکی ئەوتۆیان لە سەر ئێران و ئابووریی ئێران نابی، بەڵام هەر لەوکاتەوە کە باسی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کراوە، بازاڕی ئێران تووشی ئاڵۆزی بووە، نرخی خۆراک وکەلوپەل چۆتە سەر، دراوی ئێرانی بە ڕادەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ئابووریی ئێران تووشی هەڵاوسان بووە.
لە لایەکی دیکەوە زۆربەی کۆمپانیا جیهانییەکان لە بەڵێننامەکانیان پاشگەز بوونەوە و لە بازاڕی ئێران کشاونەوە. ناڕەزایەتی خەڵک و چین و تویژە جۆراوجۆرەکانی ئێران بەشێویەکی بەربڵاو بەردەوامە و ڕۆژبەرۆژ لە پەرەسەندندایە.