بە پێی هەواڵێک کە لە ناوچەی شنۆ بەدەستمان گەیشتووە، ڕێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەر کاک عەبدوڵڵا ئەڵماسی باوکی شەهید هەمزەی ئەڵماسی خەڵکی چواربۆتی ناوچەی شنۆ، دوای تەمەنێک ژیان بە ڕووسووری بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کردوە.
کاک عەبدوڵڵا جیا لەوەی کە کوڕێکی بەناوی شەهید هەمزە ئەڵماسی لە سەنگەری خۆڕاگری و ئازایەتی گیانی پێشکەش بە ئازادی کوردستان کرد، کورێکی دیکەشی بەناوی خدر ئەڵماسی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە، لە دەرەوەی وڵات دەژیت.
جێیوەبیر هێنانەوەیە شەهید هەمزە ئەڵماسی لە زیندانی ورمێ بە دەستی کۆماری ئیسلامی ئێعدام کرا.
هەر بە پێی ئەو هەواڵە دوو رۆژی دوای کۆچیدوایی کاک عەبدوڵڵا ئەڵماسی، کچەکەی بەناوی مەلیحە ئەڵماسی خوشکی شەهید هەمزە، ماڵاوایی لە ژیان کردوە.
بەگوتە ناسیاوانی کاک عەبدوڵڵا کەسێکی نیشتمانپەروەر و خاوەنی بنەماڵەیەکی دێموکراتدۆست بووە کە هەر بە ئاواتی سەرکەوتنی گەل و نیشتمان سەری نایەوە.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لە یادی و بیرەوەریی شەهید هەمزە ئەڵماسی، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی سەرجەم کەسوکارو بنەماڵەی شۆڕشگێڕی ئەڵماسی، بەتایبەتی هاوڕێ خدر ئەڵماسی دەکات و، خۆی لە خەمیان بە بەشدار دەزانێ و هیوای تەندروستییان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.