ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت چاپی لەندەن، ڕێکەوتی ١١ی خەزڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی بڵاویکردەوە کە “عەبدولەتیف ئەلزیانی” سکرتێری گشتیی شوڕای هاوکاریی کەنداو، لە سەر ئەوە پێداگریکرد کە پێویستە ڕووبەڕووی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران ببینەوە کە لە “دەریای سوور” هەڕەشە لە پاپۆڕەوانی و بازرگانیی نێونەتەوەیی دەکا.
سکرتێری گشتیی شوڕای هاوکاریی کەنداو ئاماژەی بەوەدا کە کردەوەی بناژۆخوازانە و دەستێوەردانەکانی ئێران بۆتە هۆی تێکدان و ناسەقامگیریی وڵاتانی ناوچە و، بڕیاری ئێران بۆ ناردنە دەرەوەی شۆڕش و بیری مەزهەبیی بناژۆخوازانە، هەڕەشەیە بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە.
“ئەلزیانی” لە ٢٧مین کۆنفڕانسی ساڵانەی سیاسەتداڕێژەرانی ئەمریکایی و عەڕەب کە لە “واشنگتۆن” بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند کە ئێران سوورە لە سەر ناردنە دەرەوەی شۆڕش و، بیری بناژۆخوازانە و هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ، وەژێرپێنانی هەموو یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکانە. ناوبراو وێڕای وەبیرهێنانەوەی پشتیوانیکردنی ئێران لە “حووسیەکانی” “یەمەن” بە پێدانی چەک و چۆڵی نیزامی، پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە لە بەرانبەر دەستێوەردانەکانی ئێران و هەڕەشە لە پاپۆرەوانی و بازرگانیی نێونەتەوەیی بوەستینەوە.
شایانی باسە کە ئەو کۆنفڕانسە، ساڵانە لە لایەن “شورای نەتەوەیی پێوەندیەکانی ئەمریکایی ـ عەڕەبی” رێکدەخری و باڵوێزەکانی وڵاتانی عەڕەبی و باڵوێزانی پێشووی ئەمریکا لە وڵاتانی عەڕەبی،توێژەران،تاجر و ڕۆژنامەنووسان بەشداریی تێدا دەکەن.
شایانی باسە کە ڕٶژنامەی شەرقولئەوسەت لە چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بڵاویکردەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە باشووری سوریە خەریکی بەرنامەداڕشتنە بۆ پێکهێنانی هێزێکی سەربازیی ناوچەیی.
هەر لەو ڕاپۆرتەدا ئیشارە بەوە کراوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ٦٠ کەسی سەربازیی لە ئۆردووگای”ئەللجا” لە “ڕیف درعا” بۆ ئەو مەبەستە لە ژێر چاودێریی ئەفسەرانی ئێرانی و حیزبوڵڵا، دەورەی نیزامیان دیوە.
جێی ئاماژەیە کە لە لایەکی دیکەوە، “نەسر حەریری” سەرۆکی لێژنەی وتووێژی ئۆپۆزیسیۆنی “سووریە” ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی “گرووپی بچووک’ کە ئەمریکا،بریتانیا،فەڕانسە،ئاڵمان،عەڕەبستانی سعوودی،میسر و ئۆردۆن، لە لەندەن تێیدا بەشداربوون، هۆشداریم داوە کە رێژیمی ئێران دەیهەوێ کەڵکی خڕاپ لەم هەلومەرجە وەرگرێ کە لە بارەی پێکهێنانی کۆمیتەیەکی یاسایی سووریە و ئەدلیب پێکهاتوە.