دەوڵەتی تڕامپ رۆژی هەینی ١١ی خەزەڵوەر لە بەرەبەری دەسپێکی گەڕی دوویەمی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران ڕایگەیاند هەموو گەمارۆ سڕکراوەکانی دوای گرێبەستی “بەرجام” بۆ سەر ئێران وەگەڕ دەخرێنەوە.
ستیڤێن مێنۆچین وەزیری خەزێنەداری ئامریکا لەو بارەوە گوتی: لە چوارچێوەی گەڕاندنەوەی گەمارۆکان ، زیاتر لە ٧٠٠ کەسی ئاسایی و دەوڵەتی، کە ٣٠٠ کەسیان تازە بەو لیستە زیاد بوون ، گەمارۆیان دەخرێتە سەر.
خولی دوویەمی گەمارۆکان کە رۆژی دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەر جێبەجێ دەبێت، کەرتی گواستنەوەو ماڵی و وزەی ئێران دەگرێتەوە.
مایک پمپئۆ وەزیری دەروەی ئامریکا لەو پێوەندییەدا دەڵێ: مەبەست لە چرتر کردنی گەمارۆکان، گۆڕانی ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی ئێرانە و وشکاندنی سەرچاوە دارییەکانی تیرۆریزمە.
هەروەها ڕایشگەیاند کە ئەگەر ئێران بیهەوێ لە گەرماۆکان دەرباز ببێ، دەبێ ١٢ مەرجی ڕاگەیاندراو قەبووڵ بکا.
ئەو مەرجانە ڕاگرتنی تیرۆر و دەستێوردانی نیزامی لە سووریەو ڕاگرتنی بەرنامەی ناوکی و مووشەکی ئێران دەگرێتە بەر.
مایک پمپئۆ ئاشکرای کرد؛ سەرەڕای نەگەڕاندنەوەی هەموو گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، تا ئێستاش گوشارەکانی ئامریکا کاریگەریی خۆی هەبووەو، هەناردەی نەوتی ئێران، بۆ زیاتر لە یەک میلیۆن بەرمیل دابەزیوە.
لە پێوەندی لەگەڵ هاوئاهەنگ وڵاتانی دیکە گوتی: ٨ وڵات لە گەمارۆکان بۆ سەر ئێران “معاف”ن، کە دووان لەو ٨ وڵاتە خەریکەن پێوەندییە بازەرگانی و نەوتییەکانی خۆیان بە تەواوەتی لە گەڵ ئێران هەڵدەوەشێنەەوە پێوەیستییان بە کات و زەمانە و، ئەو ٦ وڵاتی دیکەش کۆمەڵێک وادەوبەڵێنی و مەرجی بەرچاویان بۆ هاوکار کردنئ ئامریکا و گوشار خستن بۆ سەر ئێران ڕاگەیاندوە.
وەزیری خەزێنەداری ئامریکا بە ئاماژەدان بە زیاد بوونی ٣٠٠ کەسی دیکە بە لیستی ئەو کەس و لایەنانەی کە گەمارۆیان وەسەر خراو گوتی: “سوئیفت” دەبێ پێوندی ماڵی ودارایی خۆی لەگەڵ ئەو ٧٠٠کەس و لایەنە ڕابگرێ، دەنا بە پێچەوانەکەی ئەو ناوەندە جیهانییەش گەمارۆی دەخرێتە سەر.
بە گوتەی ستیڤێنمێنۆچین، لە خوڵی نوێ گەمارۆکان بۆ سەر ئێران ، زیاتر لە ٧٠٠ کەس و لایەن و ڕێکخراو و بانک و هێڵی هەوایی و پاپۆڕەوانی ئێران، گەمارۆیان دەخرێتەسەر و هەر وڵاتێک بیهەوێ لەگەڵیان پێوەندیی ماڵی و بازەرگانی هەبێ، ئامریکا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.