بە پێی هەواڵێک کە لە شاری یۆتێبۆری سویدەوە بە دەستمان گەشتووە، بە داخێکی زۆرەوە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی ١ی نۆڤامبری ٢٠١٨ی زایینی، هاوڕێی تێکۆشەر و ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکراتی کوردستان کاک مغدید مێهرفام، ناسراو حەمید، بە هۆی سەکتەی دڵ و پاش چەند ڕۆژ بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ، ماڵئاوایی لێ کردین.
کاک حەمید مێهرفام ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و خاوەن هەڵوێست لە گوندی دەڵاوان لە بناری کوێستانی کانی خوا لە ناوچەی پیرانشار لە دایک بوو. حاجی خدری باوکی لە دۆستانی نزیکی حیزبی دیموکرات و شۆڕشگێڕانی ئەو سەردەمە بووە و ماڵەکەیان هەموو کات بنکەی حەوانەوەی تێکۆشەری دیموکرات بە تایبەت شەهیدان سولەیمان موعینی و ساڵح لاجانی بوو. هەر ئەو تێکەڵاوییەی باوکی دەبێتە هۆگری کاک حەمید بە شۆڕش و بزووتنەوەی کوردایەتی و لە سەرەتای دەستپێکی خۆپیشاندانەکان دژ بە ڕژیمی پاشایەتی یەکێک لەو لاوە تێکۆشەرانەی دێموکرات دەبێ کە هەموو کات لە ڕیزی پێشەوە خۆپیشاندەران بوو. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧ی هەتاوی، بە رەسمی دەچیتە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و وەک ئەندامێکی هۆشیار و چالاک هەوڵی ڕزگاری نەتەوەکەی دەدا. پاش هێرشی ڕژیمی ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، ڕوو لە ڕێکخراوی چریکە فیداییەکان دەکات و هەر لەو سەرەبەندە دا دەستبەسەر دەکرێ و ساڵێک لە بەندیخانە دا دەمێنێتەوە. پاش ئازاد بوونی ڕوو لە تاران دەکات و دەست دەکاتەوە بە خەبات دژی ڕژیم و پاش ماوەیەک ئاشكرا دەبێ و بە ناچار ڕوو لە باشووری کوردستان دەکات. پاش چەند ساڵێک لە ڕێگەی یەکێتی سۆڤیەتەوە خۆی دەگەیەنەتە وڵاتی سوید و لەوێ نیشتەجێ دەبێ. دوای هاتنە دەرەوە و لە ساڵی ٢٠٠٦ی زایینیەوە بۆ جارێکی تر دێتەوە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان. هەر لە ڕۆژانی سەرەتای پەیوەست بوونەوە بە حیزبەوە وەک ئەندامێکی چالاک و هەڵسووڕ بۆ بردنە پێشی سیاسەتەکانی حیزبەکەمان و تێکۆشان بۆ بە دەست هێنانی ئازادی و سەربەخۆیی بۆ کورد و کوردستان، لە هیچ هەوڵ و تێکۆشانێک درێغی نەکرد. کاک حەمید زیاتر لە ٣ دەورە ئەندامی چالاکی کومیتەی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو لە شاری یپۆتێبۆری و لە هەموو چالاکی و سمینار و کۆڕ و کۆبوونەوە حیزبەکاندا بەشداری دەکرد. کاک حەمید مرۆڤێکی خاوەن ڕا و خاوەن هەڵوێست و بە بڕوا بوو. هاوکات لە ناو کۆڕی هاوڕێیانی حیزب و کوردستانیانی وڵاتی سوید و شاری یۆتێبۆری مرۆڤێکی خۆشەویست و خۆشناو بوو. ئاواتی کاک حەمیدیش وەک هەموو تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی، ڕزگاری گەل و نیشتمانەکەمان و سەربەخۆیی کوردستان بوو کە بە داخەوە مەرگ مەودای نە دا ئەو ئاواتەی بێتە دیی و درێژەی ڕێگەی خەباتی بە هاوبیرانی سپارد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی مەرگی ناوادەی هاوڕێ مغدید مێهرفام،ەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس خزمانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە تایبەت هاوسەر و کچ و کوڕە ئازیزەکانی لە شاری یۆتێبۆری سوید دەکات و خۆمان لە خەمیان دا بە شەریک دەزانین.