بڕیارە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە کە هاوکاتە لەگەڵ “ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ” ، ڕۆمانی (کۆبانێ)ی جان دۆست، نووسەری ناسراوی کورد کە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی، لە تاران بڵاو بکرێتەوە.
لەمبارەوە جان دۆست، نووسەری ڕۆمانی کۆبانێ لە ئەکاونتی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەسیبووک بڵاوی کردووەتەوە، بە هاوکاریی کۆمەڵەی کوردانی نیشتەجێی تاران، کاتژمێر ٤ی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١ی نۆوامبری ٢٠١٨ لە شاری تاران ڕێوڕەسمی خستنەڕوو و بڵاکردنەوەی ڕۆمانی کۆبانی بە زمانی فارسی کە لەلایەن “جەمال مەشمایی”ییەوە کراوەتە فارسی، بەڕێوە بچێت.
پاش هێرشی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەرگریی قارەمانانەی هێزە کوردستانییەکان و پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤان و ئازادکردنی ئەو شارە و دەنگدانەوەی لە ئاستی جیهان، ڕۆژی یەکی نۆوامبر وەک ڕۆژی جیهانیی کۆبانێ ناودێر کراوە.
جان دۆست لەمبارەوە دەڵێ: ئەم ڕۆمانە باسکردنە لە ڕووداوەکانی دوای داگیرکرانی کۆبانی لە ساڵی ٢٠١٤، هاوکات باسکردنە لە کۆبانێی پێش هێرشی داعش، باسکردنە لە منداڵیی من، چۆن ژیام، دواتر چۆن بوومە پەنابەر، هەروەها دوای هاتنی داعش و شکان و گەڕانەوەی خەڵکەکەی بۆ سەر جێ وار و ماڵە کاولبووەکانیان و زۆر لایەنی دیکە.
ڕۆمانی کۆبانێ، تا ئێستا جیا لەوەی بە دوو شێوەزاری سۆرانی و کورمانجیی سەروو بڵاو کراوەتەوە، بە دوو زمانی عەرەبی و فارسیش وەرگێڕدراوە.