پارێزەرێکی خەڵکی شاری بۆکان کە هاوکات چالاکی ژینگەپارێزیشە لەلایەن کەسانێکەوە کە خۆیان بە ئەندامی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم دەناسێنن هەڕەشەی لێکراوە.
بە پێی گوتەی کەسێکی نزیک لەو پارێزەرە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هاوڵاتییەک خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی “ئارەش فاتحییبۆکانی” پارێزەری پایە یەک و چالاکی ژینگەپارێز، بە شێوەی جۆراوجۆر کەسانێک کە خۆیان بە ئەندامی ناوەندی ئەمنییەتی ڕێژیم ناساندووە، لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی لێکراوە و داوایان لێکردووە کە واز لە چالاکیی ژینگەپارێزی و مەدەنی بێنێت و ئەگەر ئەو کارە نەکات ئەوا ڕووبەڕووی سزای قورس دەبێتەوە.
“ئارەش فاتحییبۆکانی” پێشتر چەند دۆسییەی بە دژی کاولکاریی ژینگەیی شارەوانی و شۆرای شاری بۆکان، لە دادگای ئەو شارە تۆمار کردووە و بەدواداچوونی لەسەر ژینگە و مافی هاوڵاتیانی بۆکان کردووە، خۆبەخشانە پارێزەری دەیان بەندکراوی سیاسی و چالاکی مەدەنی وەئەستۆ گرتووە.
گوشار بۆ سەر چالاکانی مەدەنی وژینگەپارێز لە کوردستان تا دێت لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە زیاتر دەبێت و ڕێژیم چالاکیی ژینگەپارێزەکان بە دژایەتی خۆی دەزانێت و بە بیانووی جوراوجۆر چالاکانی ژینگەپارێز بانگ دەکات و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکات یان بەند و دەستبەسەریان دەکات.