سەرۆک کۆماری ئێران لە بەرنامەی دایە سەردانی پاریزگای سنە بکا.
وا بڕیارە هەفتەی داهاتوو حەسەن ڕووحانی، سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی شاری سنە بکا، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لانیکەمی چاوەڕوانییەکانی خەڵکی کوردستان لە دەوڵەتی ڕوحانی بەدی نەکراوە.
سەرۆک کۆماری ئێران لە بیستەمین سەردانی خۆی بۆ پارێزگاکانی ئێران، ڕۆژی یەکشەمەی داهاتوو بە هاورێیەتی وەزیری کشتووکاڵو وەزیری وزەی ئێران، سەردانی پاریزگای سنە دەکا.
حەسەن ڕوحانی لە دوای ڕێککەوتنی ئێرانو وڵاتانی 5+1 و لە خولی دووهەمی سەردانەکانی بۆ پارێزگاکانی ئێران، پارێزگای سنەی بۆ سەردان دەستنیشان کردوە. ڕوحانی لە کاتێکدا سەردانی سنە دەکا کە پێشترو لە سەردانی پێشوویدا بەڵێنی زۆری بە خەڵکی کوردستان دابوو، بەڵام تا ئێستا هیچ کام لەو بەڵێنانە، تەنانەت هەڵبژاردنی پارێزگا لە نێو خەڵکی لێوەشاوەی کوردی جێبەجێ نەکردوە.
خەڵکی کوردستانو پارێزگای سنە یەک لەوان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران، زۆرترین دەنگیان بە ڕوحانی دابوو، هەر بۆیەش چاوەڕوانن حەسەن ڕوحانی ئاوڕی جیدی لە داواو چارەسەری گرفتەکانیان بداتەوە.
پرسی ئەمنیەتی بوونی کوردستانو کارتێکەریی ئەو تێڕوانینە لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان کێشەی سەرەکیی خەڵکی کوردستانە کە ئازادییە مەدەنیو مافە نەتەوەییەکانی لە خەڵکی کوردستان زەوت کردوە.
بێکاری یەکێکی دیکە لە گرفتە سەرەکییەکانی خەڵکی کوردستانەو داوا دەکەن حکومەت بە دابینکردنی بودجەیەک بۆ کەرتی پیشە سازی، هەلی کار بۆ لاوانی پارێزگای کوردستان بڕەخسێنی. گرفتێکی دیکە کە خەڵکی کوردستان دەیانەوێ لەو سەفەرەدا بیخەنە بەردەم سەرۆک کۆماری ئێران، گرفتی کەمی ئاوە کە چەند شارێکی دیکەی ئێرانیش بە دەستییەوە دەناڵێنن.
خەڵکی کوردستان داوا لە حەسەن ڕوحانی دەکەن پڕۆژە نیوەکارەکان تەواو بکرێن و گەڵاڵە بۆ پرۆژەی نوێ دابڕێژرێ کە گرفتەکانی هاتووچۆ، لەوانە ڕێگای شەمەندەفەر، جادەکانو ئوتوبانەکان چارەسەر بکرێن.