“جێیمس جیڤری”، نێردەی تایبەتیی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریە لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لە پاریسی پایتەختی فەڕانسە، رایگەیاندووە، وڵاتەکەی بە ئامانجی بەدەستهێنانی چەند ئامانجێکی سیاسییە، بەڵام ئیسرائیل جگە لە سیاسی، ئامانجی سەربازیشی لە سووریە هەیە.
جێیمس جیڤری، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١/ نۆوامبری/٢٠١٨ لە لێدوانێکدا بالی لەوە کرد کە، ئیسرائیل بەرامبەر جێگیرکردنی مووشەک لە سنوورەکانی و هەڵدانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ سەر خاکەکەی، بێ دەنگ نابێت و کاردانەوەی سەربازی دەبێت.
ئەو بەرپرسە ئەمریکاییە پێی وایە سپای ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ لێدانی میلیشیا شیعەمەزهەبە عێراقی، ئێرانی، ئەفغانی و لوبنانییەکان لە سووریە دەکات، کە لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریەوە، پاڵپشتیی رێژێمی سووریە دەکەن.
لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریەوە، ژمارەیەک میلیشیای عێراقی بەبیانووی پاراستنی مەزارە ئاینییەکانی شیعە لە سووریە، پاڵپشتیی رێژێمی سووریە دەکەن و ئێرانیش بە ناردنی چەک و میلیشیا، کە بەشێکیان میلیشیای ئەفغانین، هاوکاریی رژێمی ئەو وڵاتە دەکات.
هەروەها میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی بەشدارییەکی کارا دەکات لە شەڕەکانی رێژێمی سووریە دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن.
لە ساڵی ٢٠١١ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریە لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و ڕێژێمی سووریە دروست بووە.
بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتۆتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.