فارس ئەمڕۆ هەشتی خەزەڵوەر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: دادگای ئابووری شاری دووشەممبەی تاجیکستان لەسەر داواکاری کۆمیتەی باجگرتنی ئەو وڵاتە چالاکی زیاتر له ٢٠ کۆمپانیای ئێرانیی لەو وڵاتە ڕاگرت.
“زیبەلنسا عەبدوڵڵا زاده” سەرۆکی دادگەی ئابووری شاری دووشەممبە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لەوبارەوە بەمیدیاکانی ڕاگەیاند: ئەگەرچی کارگێڕانی سەرجەمی ئەو٢٠ کۆمپانیا ئێرانیە لە کۆبوونەوەکەی دادگەدا ئامادە نەبوون بەڵام ئەوان دەرفەتیان پێدراوە تاکوو بۆ چاوخشاندنەوە بەسەر ئەم حوکمەدا داوای پێداچوونەوە لەدادگە بکەن.
ناوبراو زیادیشی کرد: ئەو کۆمپانیانەی کە چالاکییان ڕاگیراوە زۆربەیان هی هاووڵاتیانی ئێرانن و حوکمی دادگە هێشتا جێبەجێ نەکراوە.
ئەو بەرپرسەی دادگەی ئابووری شاری دووشەممبە هۆکارەکانی ڕاگرتنی چالاکی ئەو ٢٠ کۆمپانیا ئێرانیەی نەخستەڕوو بەڵام بەپێی لێدوانەکانی بەرپرسێکی کۆمیتەی باجگرتنی تاجیکستان زیاتر لە یەک ساڵە کە ئەو 20 کۆمپانیە هیچ راپۆرتێکیان لەسەر چالاکیەکانی خۆیان ڕادەستی ئەو کۆمیتەیە نەکردووە.