وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپێئۆ، سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی کەسێکی بە ڕەگەز ئێرانی سەر بە دامودەزگاکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی تۆمەتبار بە جێبەجێکردنی تیرۆر لە وڵاتی دانماڕک، پیرۆزبایی و دەسخۆشی لەو وڵاتە کرد.
ناوبراو لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر ڕایگەیاند: نزیکەی ٤٠ ساڵە کە ئورووپا ئامانجی هێرشگەلی تیرۆریستیی لە ژێر پشتیوانیی ئێران دایە. ئێمە داوا لە هاوپەیمانان و شەریکەکانمان دەکەین کە بەرەنگاری هەڵمەتی بەرفراوانی تیرۆرستیی ئێران ببنەوە و پێشی پێ بگرن.
پێش تویتەکەی پۆمپێئۆ، سەرۆکوەزیرانی دانماڕک لەمەڕ دەسبەسەرکرانی کەسێکی ئێرانی بە تاوانی ئەمنییەتی کاردانەوەی نیشاندا و، ڕایگەیاند کە ئەم کردەوانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ قبووڵکردن نابێ و، بێ وڵامی ناهێڵینەوە.
“لارس لووک ڕاسمۆنسێن” سەرۆکوەزیرانی دانماڕک، دۆینێ سێشەممە لە تویتێکدا نووسی: ئەوەیکە ئێران بۆ نیشاندان هێز یان ترساندنی خەڵکی وڵاتەکەی خۆی بیهەوێ لە وڵاتانی ئورووپایی کردەوەی تیرۆرستی بکا قبووڵ ناکری. ڕێکاری زیاتر لە دژی ئێران لە یەکیەتیی ئورووپا دەگرینە بەر.
دەزگای هەواڵگریی دانماڕک 8ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند کە، دەزگای ئیتلاعاتی ئێران لە هەوڵی ئەوەدابووە کە هێرش بکاتە سەر بەرپرسی لقی دانماڕکی حیزبی “بزووتنەوەی ڕزگاریکەری عەڕەبیی ئەلئەحواز” کە لە ئێران بە “ئەلئەحوازییە” ناسراوە.
لەلایەکی دیکەش لە درێژەی کاردانەوەکانی ئەم ڕووداوە، وەزیری دەرەوەی دانماڕک دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاند پاش پووچەڵکردنەوەی پیلانێکی تیرۆریستیی ئێران بۆ هێرش لەو وڵاتە، باڵیۆزی خۆی لە تاران کشاندووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی دانماڕک ڕاشکاوانە کۆماری ئیسلامیی بەوە تاوانبار کرد: ” کە لە پشت ئەو پلانەوەیە، بۆیە باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تاران کشاندۆتەوە، چوونکە وڵاتی ئێمە بە هیچ شێوەیەک قەبووڵ ناکات کەسانی سەر بە تۆڕی هەواڵگریی ئێران لەدژی کەسانێک لە دانماڕک پیلان دابڕێژن”.
لە بەرانبەردا بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وەک هەمیشە بابەتەکی خستە ئەستۆی دوژمنی وەهمی و دەرەکیی ڕێژیم و بەبێ ناوهێنانی هیچ وڵات یان لایەنێک، ئەو ڕووداوەی دانماڕک و گوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتەی ڕەت کردەوە و ئاشکرای کردووە ئەو تۆمەتانە “پیلانێکن لەلایەن دوژمنانەوە بۆ کاریگەری دانان لەسەر پەیوەندییەکانی ئێران و یەکیەتیی ئورووپا” کە دایان ڕشتووە.