هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم، لە سنووری شاری پیرانشار دەستیان بە سەر ٤٥٠ سەر مەڕی هاوڵاتیاندا گرتووە.
بە پێی هەواڵی سەرچاوە خۆ جێیەکان، هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم ، دەستیان بە سەر ٤٥٠ سەر مەڕی ئاژەڵدارانی خەڵکی شاری پیرانشار گرتووە کە هێزەکانی ڕێژیم هۆکاری دەستبەسەردا گرتنی مەڕوماڵاتی خەڵک بۆ پێشگرتن لە قاچاخ بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندوو، کە ئاژەڵدارانی خەڵکی پیرانشارئەو ئیدعایەیان ڕەت کردوەتەوە.
ئاژەڵدارانی شاری پیرانشار بۆ وەرگرتنەوەی مەڕوماڵاتەکانیان سەردانی ناوەندە نیزامی و قەزایییەکانیان کردەوە، بەڵام تا ئێستا بەدواداچوونەکانی ئەوان بێ ئاکام ماوەتەوە.
شایانی باسە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە کویستانەکانی مێرگەفاڵ، ٢٠٠ سەر مەڕی خەڵکی گوندی بەرازانی ناوچەی مەرگەوەڕ کە کەوتووەتە داوێنی چیای دالانپەڕ ، لە لایەن هیزە ئینتیزامییەکانەوە دەستیان بە سەر دا گیرا.
هەروەها لە تاڵانکارییەکی تردا هیزە ئینتیزامییەکان دەستیان بە سەر ٩٠٠ سەر مەڕی مەردارەکانی گوندی مەمکان دا گرتبوو کە لە کاتی راگواستنی ئەو مەڕانە بۆ ورمێ ، خەڵکی گوندەکانی مەرگەوەڕ پێشیان بە ماشێنەکانی هەڵگری مەڕەکان گرتو لە گەڵ هێزە ئینتیزامییەکان تووشی تیکهەڵچوون بوون.
بیانووی ئەو هیزانە بۆ دەستبەسەرداگرتنی مێگەڵە مەڕی خەڵکی مەڕدارو زەحمەتکێش، بەزاندنی سنوو و بیانووی دیکەی لەم چەشنەیە. بەڵام ئامانجی ئەسلی لەم کارە، دزی و راوڕووتی ماڵی خەڵک بە پیی پیلانو بەرنامەی هاوبەشی ناوەندە قەزاییەکان و هیزی ئینتیزامییە.