بە پێی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان ئەمڕۆ سێ شەممە هەوڵێکی تیرۆریستی کە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە دژی یەکێک لە سەرکردەکانی (جنبش عربی الاحواز) لە وڵاتی دانماڕک ڕێکخرا بوو، پووچەڵ کرایەوە.
رۆژی سێشەممە ٨ی خەزەڵوەر بەرانبەر بە ٣٠ی ئوکتۆبری ٢٠١٨ی زایینی دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتی دانماڕک رایانگەیاند ، کە نێردراوانی کۆماری ئیسلامی هەوڵی تیرۆرکردنی “حبیب جبر” چالاکی عەرەبی ئێرانییان، لەو وڵاتە داوە.
دوابەداوی بڵاوبونەوەی ئەو هەواڵە دەوڵەتی دانماڕک بە فەرمی کۆماری ئیسلامی لەو بارەوە بە تاوانبار زانی و، دەگوترێ کەسێکی ئێرانی و نیشتەجێی وڵاتی نوروێژی لەو پێوەندییەدا دەسبەسەرکردوە، کە دانی بە تاوانەکەی داناوە.
ئەناس سمووئێلسەن وەزیری دەرەوەی دانماڕک ڕایگەیاند: جیا لەوەی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تاران دەگەڕێنێتەوە، داوا لە یەکیەتیی ئورووپاش دەکا، گەمارۆی چڕ ونوێ بخرێتە سەر ئێران.
وەزیری دەرەوەی دانماڕک ڕایگەیاند: ئێمە بۆ گەمارۆی زیاتر خستنە سەر ئێران هاوکاری یەکیەتیی ئورووپا دەکەین و، ڕیگە نادەین هێزە ئەمنییەکانی رێژیمی ئێران لە وڵاتی دانمارك کەسانی دژبەری خۆی بکاتە ئامانج.
جێی ئاماژەیە هەر لەو پێوەندییەدا مایک پمپئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا هەڵوێستی وڵاتی دانماڕکی سەبارەت بە لە قاودان و دەسبەسەرکردنی یەکێک لە دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە، بەرز نرخاند و گوتی: ئەوە نیزیک بە چل ساڵە وڵاتانی ئورووپایی ئامانجی کردەوە تیرۆریستییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن و، دەبێت یەکیەتیی ئورووپا بە جیددی ڕووبەڕووی ببێتەوە.
لە هەمان کات دا وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، بەهرام قاسمی، وێڕای ڕەت کردنەوەی ئەو رووداوە، وەکوو هەمیشە ئەوەی بە پیلان بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی زانی.
شیاوی باسە لە دوای ڕیسوایی کۆماری ئیسلامی لە دادگای میکۆنووس، بڕیاری دابوو لە خاكی وڵاتانی ئورووپایی هەوڵی تیرۆریستی نەدات، هەر بۆیە ئەوی ئەمڕۆی دانماڕک دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە.