له ماوه‌ی ٦ هه‌فته‌ی رابردوودا، به‌هۆی خواردنه‌وه ئەڵکۆڵییەکان كه به‌شێوه‌یه‌كی قاچاغ مامه‌ڵه‌یان پێوه ده‌كرێت، ٨٤ كه‌س له ئێران گیانیان له‌ده‌ستداوه و به سه‌دان كه‌سی دیكه‌ش ژه‌هراوی بوونه.
ئاژانسی هه‌واڵده‌ری ئیسنا له زاری ئیره‌ج حەریرچی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی كۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، “جگه له‌وه‌ی ٨٤ كه‌س به‌هۆی ئه‌و خواردنه‌وانه گیانیان له‌ده‌ستداوه، ئێستا٩٥٩ كه‌سیش چاره‌سه‌ری پزیشكی‌یان بۆ ده‌كرێ، كه به‌هۆی خواردنه‌وه ئەڵکۆڵییەکان ژه‌هراوی بوونه”، گوتیشی، “ئه‌و شه‌پۆله‌ی ژههراویبوونە حاڵه‌تێكی نائاساییه”.
ناوبراو دووپاتیكرده‌وه، “ژماره‌یه‌ك كه‌س ده‌ستگیركراون، كه په‌یوه‌ندییان به‌و پرسه‌وه هه‌یه و پێویسته خه‌ڵكیش ئاگاداری ئه‌و خواردنه‌وانه بن، كه له‌ناو قوتووی داپۆشراوی بیانیدان، كه له‌وانه‌یه ساخته‌كاری تێدا كرابێ”.
دەنگۆی ئەوە هەیە کە دەستێکی سپای پاسداران تێدایە و لە چەندین پارێزگای ئێران حاڵەتی هاوشێوە رووی داوە.
وێڕای ئه‌و سزا توندانه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران له‌ساڵی ١٣٥٩ـیهوه له‌سه‌ر خواردنه‌وه‌ی ئەلکۆڵ داناوه، به‌ڵام به‌كارهێنانی مەشرووباتی قاچاغ به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له‌و وڵاته به‌رده‌وامه.
بە پێی ڕاپۆڕتی مێهرنیوز، ساڵانە زیاتر لە ٤٢٠ میلیون لیتێر مەشرووب و خواردنەوەی ئەڵکۆڵییەکان لە ئێران دەخورێتەوە، کە لە ڕێگای قاچاخەوە هاوەردەی وڵات دەکرێ.