بێکاری و چوونەسەری نرخەکان و هەلومەرجی نالەباری ژیان بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان خەڵکی ناچار کردووە پەنا بەرنە بەر کاری پرمەترسیی کۆڵبەری. بەپیی هەواڵەکان یەکێک لە وەرزشوانانی کورد بە ناوی” تەها غەفاری” کە لە ڕاکردنی مەیدان”گۆڕەپان” لە ئێران خەڵاتی پێدراوبوو، ئێستا لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان خەریکی کۆڵبەرییە.
“تەها غەفاری” یەکێک لەو قارەمانانەیە کە لە هەلومەرجێکی سەخت و دژواردا توانی میداڵی میللی و ئاسیا وەربگرێ بەڵام ئێستا لە ڕووی ناچارییەوە بۆ وەدەست هێنانی بژیوی ژیان لە سنوورەکانی کوردستان کۆڵبەری دەکات.
“تەها غەفاری” کە تەمەنی ٢٧ ساڵە، خەڵکی گوندی “چۆر”ی سەر بە شاری مەریوانە کە خوشکێک و چوار برای هەیە. ناوبڕاو ئاماژەی بەوەکرد کە کۆڵبەری پیشە نییە بەڵام لە ڕووی ناچاری و بۆ وەدەستهێنانی بژیویی بنەماڵەکەم بەهۆی نەبوونی و بێکاری ڕووم کردۆتە کۆڵبەری. بۆ کڕینی جووتێک پێڵاوی تایبەتی ڕاکردن دەبێ لە چیا سەخت و پرمەترسییەکانی کوردستان دوو کەڕەت بکەم چوونکە هیچ رێگایەکی دیکە بۆ بژیوی ژیان شک نابەم و ناچارم ئەو کارە بکەم.
شایانی باسە کە بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی ئەو وەزشوانە کوردە دژکردەوەی چالاکانی مەدەنی و وەرزشیی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیداهێنا.
جێی ئاماژەیە کە ساڵانە سەدان کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە هۆی مینڕێژکردن یا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی رێژیم دەکوژرێن ، کەمئەندام و بریندار دەبن یا دەسبەسەر دەکرێن.
لە تازە ترین هەڵوێستی بەرپرسانی ڕێژیم بە نیسبەت چینی صەوساوەی کۆڵبەران، “زوڵفەقاری” جێگری ئەمنیەتی وەزیری نێوخۆ، حاشای لە هەبوونی کۆڵبەران کردو ئەوانەی بە قاچاخچی چەکوچۆڵ ناوبرد و دەستی هێزە ئەمنییەکانی بۆ تەقەکردن ئاوەڵەتر کرد.