لە دوای ژاراویبوونی زیاتر لە 100 کەس لە دانیشتوانی گوندی دریازی سەر بە شاروێرانی مەهاباد بە هۆی خواردنەوەی ئاو، “شاهین پاکڕووح” جێگری عەندازیاری و پەرەپێدانی ئیدارەی ئاوی ئێران وێڕای سەردانی مەهاباد و گوندی دریاز باسی لە دانیبکردنی ئاوی خاوێن بۆ ئەم گوندە کرد.
شاهین پاکڕووح، لە هاتنی بۆ گوندی دریاز و سەردانی پاڵاوگەی ئاوی مەهاباد لە پرێسکۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاند:700 میلیار تمەن بۆ پڕۆژەی گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ گوندەکانی ئێران تەرخان کراوە و کە لە کۆتایی ئەم پڕۆژەیەدا 10 میلیۆن گوند نشینی ئێرانی ئاوی خواردنەوەیان بۆ دەچێ و تاوەکوو ئێستا 4 میلیۆن کەس لەو پڕۆژەیە بەهرەمەند بوونە.
ئەم ئیدعایانە لە کاتێکدایە کە زۆربەی نزیک بە تەواوی گوندەکانی پارێزگاکانی ناوەند و ڕۆژهەڵاتی ئێران کێشەی بێ ئاوییان هەیە و خەڵکی ئەو ناوچانە بە ناچاری گوندەکانیان چۆل کردووە و بەرەو شارەکانی دەوروبەر کۆچیان کردووە.
ڕۆژی پێنجشەممە 3ی خەزەڵوەر بە هۆی پیس بوونی ئاوی خواردنەوەی گوندی “دریاز”ی سەر بە شاری مەهاباد، زیاتر لە 100 کەس لە خەڵکی ئەو گوندە ڕەوانەی نەخۆشخانەی مەهاباد کران. بە وتەی هەمان سەرچاوە کەسە ژاراوی بوونەکان هەموویان ڕەوانە نەخۆشخانەی مەهاباد کراون و بارودۆخی هیچکامیان مەترسیدار نییەو لەو نەخۆشخانەیە دکتۆرەکان بەردەوامن لە چارەسەرکردنی پزشکییان.
ئاوی خواردنەوەی گوندی دریاز لە چەند کانی و چاڵاوێک دابین دەکرێ و بەرپرسانی ئیدارەی ئاوی دێهاتی سەر بە شاری مەهاباد لە هەوڵی ئەوەدان کە بیدۆزنەوە کامە لەو سەرچاوانە پیس بووە و بۆ پێشگیری لە ژاراوی بوونی خەڵکێکی زیاتر خواردنەوەی ئەوی ئەم گوندە یاساغ کراوە و بە تانکێڕ ئاوی خواردنەوەیان بۆ دەچێ.