بەپێی ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی کە لە مانگی ڕەزبەری ١٣٩٧ی هەتاوی لە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوبوونەوە، لە ماوەی ئەو مانگەدا، ٤ بەندکراوی کورد لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سێدارە دراون و ٩ بەندکراوی کورد بە ٢٠ ساڵ و ٣ مانگ حوکم دراون. هەر لەو ماوەیەدا، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ٦ کۆڵبەری کورد گیانیان لە دەستداوە و ١٣ کۆڵبەریش بریندار بوون.
هەر لەو یەک مانگەدا ٣١ هاووڵاتتی کورد لە پێوەندی لەگەڵ هاوکاریی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن ئیتتلاعات و هێزە ئەمنییەکان داواکراون کە بەشێکیان بە متمانەبڕ بە شێوەی کاتی ئازاد بوون و بەشێکیشیان لە گرتنگەکانی ڕێژیمدا دەسبەسەر کراون.
لە ماوەی چوار دەیە لە تەمەنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دەسبەکاربوونیان تاوەکوو ئێستا لە هیچ کارێک بۆ دژایەتیکردنی گەلانی بندەست بە تایبەتی گەلی کورد دەستیان نەپاراستووە.