سەرەڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێندێک لە نوێنەرە کوردەکانی مەجلیس لەمەڕ کوژرانی کۆڵبەران لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵایت کوردستان بەڵام تەقە لێکردنیان هەروا بەردەوامەو لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا پێنج کەس کوژراو و بریندار بوونە.
ڕۆژی هەینی ٤ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “ئەدیب حوسێنی” خەڵکی گوندی “بلوجوک” سەر بە ناوچەی قوتوور لە شاری خۆی و کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “موزەفەر حوسێنی” تەمەن ٣٥ ساڵ کوڕی عەلی خەڵکی گوندی گسیان سەر بە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لە دەست دا.
هەروەها ڕۆژی شەممە 5ی خەزەڵوەر، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری قەندۆلی سەردەشت، کۆمەڵیک لە کۆڵبەرانیان کرده ئامانج کە بە هۆیەوە دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی “ئەمین خزرپوور” و “خالد محەممەدی” بە توندی بریندار بوون.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٦ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “خدر موفید” کوڕی محەممەد خەڵکی گوندی “گومان” سەر بە شاری سەردەشت بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنوورەکانی پیرانشار گیانی لە دەست دا.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا 34 کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونەتە قوربانی کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشووتر ٣١٪ زیادی کردووە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، لانیکەم 34 کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و یان بریندار بوون.
لەو ژمارەیە 11 کۆڵبەر گیانیان لە دەست داوە و 23 کۆڵبەریش بریندار بوون.
لە کۆی ئەو 11 کۆڵبەرەی کە گیانیان لە دەست داوە، 6 کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٣ کۆڵبەر بەهۆی تەقینەوەی مین و کۆڵبەرێکیش بە هۆی جەڵتەی دڵەو و کەسێکیش بە هۆی سەرمابردوویی گیانیان لە دەست داوە.