لە ماوەی یەک مانگی پاییزی ئەمساڵدا لانیکەم ٣١ کەس لە کوردستان بانگ کراونەتە ناوەندە ئەمنیەتییەکان و ژمارەیەکی زۆر لەوان دەسبەسەر و زیندانی کراون. هەروەها لانیکەم ١٩ کۆڵبەری کوریش لە سۆنگەی سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراون و بریندار بوون.
ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤی کوردستان لە کۆبەندێکدا ڕایگەیاندووە کە لە مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٣١ کەس لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بانگ کراونەتە ناوەندە ئەمنیەتییەکان و بە تۆمەتی پێوەندییان لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمەوە لێپێچنەوەیان لێکراوە. لەو ٣١ کەسە چەند کەسێکیان بە دانانی بریگرتە بەشێوەی کاتی ئازاد بوون، بەشی زۆریان خراونەتە بەندیخانەوە و نۆ کەس لەوانی سەرجەم سزای ٢٠ ساڵ و سێ مانگ زیندانییان بەسەردا سەپاوە.
هەر لەو یەک مانگە چوار زیندانیی کورد لە ورمێ و ئیلام لە دار دراون و سێ کەسیش لە شیروان و شنۆ سزای ئیعدامیان بەسەردا سەپاوە.
هەر لە درێژەی ڕەوتی کۆڵبەرکوژیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیدا ١٩ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کوژراون و بریندار بوون.