بە داخێکی زۆرەوە ئاگادار کران کە کاک فەتاح مەنگووڕی برای تێکۆشەری دێرین و کادری ناسراوی ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان مامۆستا جەعفەر مەنگووڕی، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ئوکتۆبری ٢٠١٨ی زایینی لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
کاک فەتاح هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە لە ناو بنەماڵەیەکی نیشتمان پەروەر و خاوەن هەڵوێست دا و بە پەروەردەیەکی نەتەوەیی گەورە بوو، هەر بۆیە بە درێژایی تەمەنی ئاواتی ڕزگاری نەتەوەکەمان بوو. کاک فەتاح برا چووکەی کاک قاسم و کاک مەحموود مەنگووڕی، لە تێکۆشەرانی سەردەمی پەهلەوی بوو. کاک مەحموود لە سەردەمی ڕژیمی پاشایەتی دا ١٠ ساڵ لە تەمەنی خۆی لە بەندیخانە و لە ژێر ئەشکەنجەی جەلادانی ڕژیمی پەهلەوی دا تێپەڕ کرد و تا دوا ساتەکانی ژیانی لە سەر هەڵوێستی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی سوور بوو.
برایەکی کاکە فەتاح بە ناوی مامۆستا جەعفەر مەنگووڕی یەکێک لە خەباتگێڕانی ڕێزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و یەکێک لە کادرە دیارەکانی ٤٠ ساڵ تێکۆشانی حیزبەکەمانە کە تا ئێستاش لە خەبات دژ بە ڕژیمی دژی گەلی کۆماری ئیسلامی ئێران بەدەوامە.
کاک فەتاح مرۆڤی خۆشەویست و خۆشناوی ناو کۆمەڵانی خەڵک بوو، هەموو ئاواتی ئەوە بوو گەلەکەی و وڵاتی ئازیزمان کوردستان بە سەربەخۆیی ببینێ، بەڵام بە داخەوە مەرگ مەودای نەدا ئەو ئاواتەی بێتە دیی.
ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی مەرگی نابەوەختی کاک فەتاح مەنگووڕی،یەوە پرسە و سەرەخۆی لە بنەمالە و کەس و کاری لە ناوخۆی وڵات، بە تایبەت هاوڕێی ئازیزمان مامۆستا جەعفەر مەنگووڕی دەکات و خۆمان لە خەمیان دا بە بەشدار دەزانین.