بەپێی ڕاپۆڕتی ماڵپەڕی ماف نیوز، دوو کۆڵبەری خەڵکی ناوچەی “سەردەشت” بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بریندار بوون و کۆڵبەرێک لە ناوچە سنوورییەکانی ” قتوور” گیانی لە دەستدا.
هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی ” ئالان”ی سەردەشت تەقەیان لە چەند کۆڵبەرێکی کورد کرد و لە ئاکامدا دووکەس بە ناوەکانی “ئەمین خزرپوور” و ” خالید محەممەدپووری” برینداربوون کە “خالید محەممەد پووری” بەهۆی کاریگەریی برینەکەیەوە بۆ نەخۆشخانەی “ورمێ” ڕاگوێزرا.
لە لایەکی دیکەوە، لە ناوچەی “قتوور” کۆڵبەرانی کورد کەوتنە بەر دەسڕێژی هێزەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی و بەداخەوە کۆڵبەرێک بە ناوی “ئەدیب حوسیێنی”، باوکی دوو مناڵ و خەڵکی گوندی ” بلجووک”ی سەر بە شاری خۆی لە پارێزگای ورمێ گیانی لە دەستدا.
جێی ئاماژەیە کە بە هۆی نەبوونی و بێکاری خەڵکی ناوچە سنووریەکانی کوردستان، بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی خێزانەکانیان لە ڕووی ناچارییەوە ڕوویان کردۆتە رێگەیەکی پڕ مەترسی و رۆژ نییە کە لەو رێگایەدا چەند کەس گیان لەدەست نەدەن یا بریندا نەبن و دەسبەسەر نەکرێن.
هێزەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە ئیزنی کوشتنی کۆڵبەرانیان لە سەرووی خۆیان پێدراوە، بێ گوێدانە یاسا و رێسا مرۆیی و نێونەتەوەییەکان، تەقە لەو کاسبکارە زەحمەتکێشانە دەکەن کە لەو رێگە پڕ لە زەحمەتەدا دەیانهەوێ نانێک بۆ مناڵەکانیان پەیدا بکەن.