کەمتر لە دە رۆژە، دوای کوشتنی د.فەرشید هەکی و هەروەها ڕفاندنی هاشم خواستار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ، باس لەوە دەکرێ کە چالاکێکی دیکە دەسبەسەر و چارەنووسی ناروونە.
دوکتور موحەڕەم کامەرانی له چالاکانی نەتەوەیی و سیاسیی بزوونتەوەی نەتەویی ئازەربایجان، ڕۆژێ سێهەمی خەزەڵوەر لە شوێنی کارەکەی له شاری “ئەهەر” لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.
بە قسەی شایەتحاڵەکان هێزە ئەمنییەکان وێڕای هێرش کردنە سەر شوێنی کاری دوکتور کامەرانی کۆمپیۆتەر و کەلوپەلەکانی دیکەی ناوبراویان بردووە. هەروەها شایەتحاڵەکان گوتویانە هێزە ئەمنییەکان پاش زەوت کردنی کەلوپەلەکانی دوکتۆر کامەرانی لەژێر چاودێری توندی ئەمنیدا ناوبراویان بۆ خانووی خۆی بردۆتەوە و، زیاتر له سێ کاتژمێر لێپرسینەوەیان لێ کردووە.
لە کاتی لێپرسینەوەشدا دەوروبەری ماڵەکەی دوکتۆر کامەرانی لە لایەن هێزە ئەمنی و جلک شەخسییەکانەوە چاودێری چڕی لەسەر بووە.
دراوسێکانی ئەو چالاکە سیاسییە ناڕەزایەتییان بەرانبەر بەو دۆخە دەربڕیوە کە لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە هەڕەشی گرتن و لێدانیان لێ کراوە. دەوترێ هێزە ئەمینیەکان لە پێشچاوی منداڵانی دوکتور کامەرانی لێپرسینەوەیان لە ناوبراو کردووە.
بە گوتەی شایەتحاڵەکان هێزە ئەمنییەکان پاش سێ کاتژمێر دوکتۆر کامەرانییان بە کەلەپچە و چاوپۆشەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستۆتەوە.
سەرەڕای کۆمپیۆتەر و کەلوپەلەکانی نووسینگەی کامەرانی هێزە ئەمنیەکان پەرتووک، لەبتاب و مۆبایل و… ناوبراویان بردووە.
هێشتا هیچ زانیاریێک لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەر بوون و شوێنێ ڕاگرتنی ئەو چالاکە نەتەوەیی و سیاسییە له بەردەستدا نیە.