بە هۆی پیس بوونی ئاوی خواردنەوەی گوندی “دریاز”ی سەر بە شاری مەهاباد، زیاتر لە ١٠٠ کەس لە خەڵکی ئەو گوندە ڕەوانەی نەخۆشخانەی مەهاباد کران. “خەشایار سەنعەتی” جێگری بەرپرسی پەرەپێدان و پلانداڕێژیی فەرمانداریی مەهاباد ڕایگەیاندووە: بەرپرسانی پێوەندیداری ئەوشارە بە هاوکاریی بەرپرسانی پارێزگای ورمێ سەردانی گوندی دریازیان کردووەو لە بیری ڕێگەچارەیەکن بۆ چارەسریی گرفتی ئاوی خواردنەوەی ئەو گوندە و نموونەیان لە ئاوی خواردنەوە هەڵگرتۆتەوەو بۆ تاقیگاکانی تاران و ورمێیان ناردووە.
بە پێی هەوڵی هەواڵدەریی “هاژە” ، ئاوی خواردنەوەی گوندی دریاز لە چەند کانی و چاڵاوێک دانیب دەکرێ و بەرپرسانی ئیدارەی ئاوی دێهاتی سەر بە شاری مەهاباد لە هەوڵی ئەوەدان کە بیدۆزنەوە کامە لەو سەرجاوانە پیس بووە و بۆ پێشگیری لە ژاراوی بوونی خەڵکێکی زیاتر خواردنەوەی ئەوی ئەم گوندە یاساغ کراوە و بە تانکێڕ ئاوی خواردنەوەیان بۆ دەچێ.
بە وتەی هەمان سەرچاوە کەسە ژاراوی بوونەکان هەموویان ڕەوانە نەخۆشخانەی مەهاباد کراون و بارودۆخی هیچکامیان مەترسیدار نییەو لەو نەخۆشخانەیە دکتۆرەکان بەردەوامن لە چارەسەرکردنی پزشکییان.
لەلایەکی دیکەوە “کەماڵ نەڵۆسی” بەڕێوەبەری ئیدارەی ئاوی دێهاتیی شاری مەهاباد “ئابفا” لە لێدوانێکدا لەگەڵ هەمان سەرچاوە ڕایگەیاند کە: سەرڕای دیارنەبوونی هۆکاری سەرەکیی پیس بوونی ئاوی خواردنەوە گوندی دریاز، بەڵام بە مەبەستی پێشگیری کردن لە ڕووداوی دیکە تەواوی کۆگاکانی ئاوی ئەو گوندە شۆردراونەتەوە.
هەواڵە بڵاوکراوەکان لەم بارەیەوە باس لەوە دەکەن کە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 100 کەس لە دانیشتوانی گوندی دریاز کە بەشێکی بەرچاویان منداڵانی کەمتەمەنن ژاراوی بوونە و تووشی “زکچوون و ڕشانەوە” بوونە و بە گشتی بۆ نەخۆشخانەی شاری مەهاباد گواستراونەتەوە.