لاوێکی تەمەن ١٧ساڵ لە ڕێگای خۆکوشتنەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بە پێی هەواڵێک کە لەشاری سنەوە بە دەستمان گەیشتووە، لاوێکی ١٧ساڵ، بەناوی سروش مەحموودی ، بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە رۆژی ٣ی خەزەڵوەر لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوەو بەم جۆرە حاڵەتێکی دیکە لە خۆکوشتنەکانی کوردستان کە زۆربەی بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی و خێزانییە، تۆمار کرا.
جێی ئاماژەیە خۆکوژی لە کوردستان دیاردەیەکی خەفەتباری دیکەیە کە بەهۆی بێمافی و هەروەها پەراوێزخرانی کوردستان لەلایەن حکومەتەوە خەسارەکانی لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران گەلێ زیاترە. بە پێی ئامارەکانی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز” لە سێ مانگی هاوینی ئەمساڵدا ئەوەندەی زاندراوە و بە میدیایی کراوە، 34 کەس لە کوردستان بەهۆی خۆکوژی کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە کە 32 کەسیان ژن بوون. ئاماری پەنابردن بۆ خۆکوژی لەو ماوەیە دوو هیندەی قوربانیانی ئەو دیاردەیە بووە کە یان خۆکوژییەکانیان سەرکوتوو نەبوون یان کەسوکاریان بەوەخت توانیویانە بە هانایانەوە بچن و لە مردن ڕزگاریان بکەن. جێی بیرهێنانەوەیە کە لە وەرزی بەهاریشدا 35 کەس لە کوردستان خۆیان کوشتبوو و کارناسانی کۆمەڵایەتی دەڵێن بارودۆخی سیاسی، ئابووری و کلتووری و کۆمەڵایەتیی کوردستان هۆکاری سەرەکیی ئەو خۆکوژییە زۆرەن کە لە کوردستاندا ڕوو دەدەن.